كەشناسێكی عێراقی ئاشكرایدەكات، دابەزینی پلەكانی گەرمای دەریای سوور سبەی كاریگەری دەكەنە سەر كەشوهەوای عێراق و سەرانسەری وڵاتەكە دەكەوێتە ژێر كاریگەرییەكانییەوە.
مەحمود عەبدول لەتیف، سەرۆكی بەشی پێشبینیكردن لە دەستەی گشتیی كەشناسیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاندووە، “سبەی چوارشەممە عێراق دەكەوێتە ژێر كاریگەرییەكانی دابەزینی پلەی گەرمای دەریای سوور، بایەكی تەڕ و خێرا ڕودەكاتە عێراق كە هەندێك جار خێرایی با دەگاتە 40 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا”.
هەروەها پێشبینی ئەوەشی كردووە، بارانێكی مامناوەند باكوور و ڕۆژهەڵاتی عێراق بگرێتەوە.
ئەو كەشناسە عێراقییە ئەوەشی خستوەتەڕوو، ڕۆژی هەینی و شەممە و بەیانی ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو، بەشێكی پارێزگاكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق پلەی گەرما تیایاندا بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت.
پێشبینیشی كردووە كە لە هەندێك ناوچەی عێراق بەتایبەت ئەو ناوچانەی دەكەونە نزیك سنووری ئێرانەوە بارانێكی زۆر بەخۆیانەوە ببینن كە ببێتە هۆی لافاو.
لەلایەكی دیكەوە، ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم پێشبینی كرد، سبەی چوارشەممە لە هەرێمی كوردستان سەرەتا ئاسمان ساماڵ بێت و دواتر هەور ئاسمانی هەرێم بگرێتەوە.