ئەنجامی پشکنینەکان پشتڕاستیکردەوە.. سکچوون و ڕشانەوەکەی سلێمانی کۆلێرایە

ئەو سکچوون و ڕشانەوەیەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە، ئەمڕۆ لەلایەن تەندروستیی عێراقەوە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا یەکلاییکرایەوە، کە بەشێکی زۆری ئەنجامی پشکنینەکان کۆلێرا بووە.

سەرچاوەیەک لە تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەو نمونانەی کە پێشتر لەلایەن تەندروستیی سلێمانییەوە ڕەوانەی بەغداد کراون بۆ یەکلاییکردنەوەی گومانەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا، ئەنجامی زۆرینەیان بەکتریای کۆلێرایە.

جەختیشیکردەوە، ئەنجامی پشکنینەکان هاوشێوەی ئەو ئەنجامانە بووە کە لە تاقیگەکانی سلێمانییەوە پێشتر دەرچوون و پشکنینەکانی سلێمانیش پێشتر ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو سکچوون و ڕشانەوەیەی بڵاوبووەتەوە پەتای کۆلێرایە.

پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دکتۆر سەباح هەورامی ڕایگەیاند، مەترسیی گەورەی ئەوان بڵاوبوونەوەی کۆلێرایە، کە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێنج بۆ شەش ساڵ جارێک سەرهەڵدەداتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستیی سلێمانی، لە ماوەی شەش ڕۆژی رابردوودا هەشت کەس بە سکچوون و ڕشانەوە گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار کەسیش تووشی نەخۆشییەکە بوون.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی سلێمانی: بۆ 50 نەخۆش تەنها دوو کارمەندمان هەیە

بابەتی دواتر

تەرمی شەهیدەكانی بۆردوومانەكەی توركیا لە كەلار برانەوە ڕۆژئاوا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share