هەزار خوێندنگەی نموونەیی لە گشت پارێزگاكانی عێراق بنیاددەنرێن و سەرۆك وەزیران بەردی بناغەیانی دانا.
ئەمڕۆ شەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەردی بناغەی دروستكردنی هەزار خوێندنگەی نموونەیی دانا، پڕۆژەی دروستكردنی خوێندنگەكان بەشێكە لە ڕێككەوتننامەی نێوان عێراق و چین و هەموو پارێزگاكان دەگرێتەوە.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەدا، مستەفا كازمی وتی، “پەروەردە و زانست بەشێكن لە پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك، بەڵام بەداخەوە لە دوای ساڵی 2003ـوە بایەخ بە پەروەردە نەدراوە”.
سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە كە دەبێت گرنگی بە گۆڕین و پەرەپێدانی پرۆگرامی خوێندن بدرێت، نەك تەنها بنیادنانی خوێندنگە و وتی، “بەڵێن بە گەلەكەمان دەدەین ئەم پڕۆژەیە جێبەجێدەكەین و بەدواداچوونی بۆ دەكەین”.