قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت ئابوریی هەرێم بەهێزبكەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دەمانەوێت ئابوریمان بەهێز بكەین و دەشڵێت، كارمان لەسەر نەهێشتنی ڕۆتین و بیرۆكراسیەت كردووە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەم لەمیانەی كۆنفڕانسی ژوری بازرگانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان كە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت، وتی، دەمانەوێت ئابوریمان بەهێزبكەین و كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار ببوژێنینەوە و وابكەین سەرچاوە ئابورییەكانمان هەمەجۆر بكەین.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت، “لەماوەی ڕابردوودا كێشەی زۆر دروستبوو لە دابینكردنی شایستەی كارمەندان بەهۆی ئەو قەیرانانەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد”.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئاڵنگارییەكان دەتوانین بڵێین توانیومانە بەسەر قەیرانەكاندا زاڵ بین و لەئێستاشدا چاكسازیمان دەستپێكردووە.

جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەشدا، مەبەستیانە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەوە هانبدەن بۆ بەشداری لە بوژاندنەوەی ئابوری، بۆ ئەوەش كار لەسەر نەهێشتنی ڕۆتین و بیرۆكراسیەت دەكەن.

وتەكانی قوباد تاڵەبانی لە پانێڵی یەكەمی دووەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ژوری بازرگانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستاندا بوو، كە بەبەشداری جۆی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك ئەنجامدرا.

لای خۆیەوە هود وتی، “ئەمریكا هاریكاری ئابوریی هەرێمی كوردستان دەبێت” وتیشی، “ئاسایشی هەرێم بەراورد بە ناوچەكانی دەوروبەری زۆر سەقامیگرە”.

یاریدەدەرەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختیشی لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هاندان و بەشداری میدیای ئازاد كرد و وتی، “دەبێت میدیا ئازاد بێت و زانیاری دروست بداتە وەبەرهێنەران”.

دوپاتیشیكردەوە كە چاكسازی و ژینگەیەكی ئابوری دروست پێویستە بۆ گەشەی ئابوری لە هەرێم و عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانیش پشتیوان دەبێت.

بابەتی پێشتر

گریزمان: مێسی توڕەبوو لێم و ئامادەنیم قژم کورتبکەمەوە

بابەتی دواتر

عێراق.. لە 10 مانگدا 11 هەزار كەس دەستگیركراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share