ترەمپ گڵۆپی سەوز بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بایدن هەڵدەكات

ترەمپ و بایدن

لە یەكەم دانپیادانانی ناڕاستەوخۆ بە شكستهێنانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ماوە تەواوبووی ئەمریكا گڵۆپی سەوزی هەڵكرد بۆ ئەنجامدانی ڕێوشوێنەكانی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جۆ بایدن، لەهەمان كاتیشیدا بەڵێنی بەردەوامیدانی بە “جەنگەكە” دا.

لای خۆیەوە تیمی جۆ بایدن،ی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پێشوازی خۆی لە بڕیارەكەی ترەمپ دەربڕی كە ڕێگەدەدات بە ئیدارەكەی پشتیوانی فیدڕاڵی پێویست بەدەستبهێنن بۆ دەستكردن بە پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ئیدارەی داهاتوو و، بە هەنگاوێكی پێویست بۆ زامنكردنی گواستنەوەی هێمنانەی دەسەڵات ناویبرد.

یوهانس ئەبراهام، بەرپرسی تیمەكەی بایدن لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، “بەڕێوبەری ئاژانسی خزمەتگوزارییە گشتییەكان جەختیكردووەتەوە كە جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراو و كامالا هاریس، جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراو براوەی ڕوونی هەڵبژاردنن، ئەمەش سەرچاوە و پشتیوانی پێویست دەداتە ئیدارەی داهاتوو بۆ دەستگەیشتن بە گواستنەوەی هێمن و ئاشتییانەی دەسەڵات”.

ئەمەش دوای ئەوە دێت ترەمپ دوێنێ ڕێگەی بە ئیدارە خزمەتگوزارییە گشتییەكان، كە دەستەیەكی سەربەخۆیە، دا دەستبەكەن بە كاركردن لەگەڵ تیمی گواستنەوەی ئەرك بۆ سەرۆكی هەڵبژێردراو، بەڵام لە هەمان كاتدا بەڵێنیدا كە درێژەدەدات بە تانەدانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە.

بەپێی دوا ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكەی 3ی تشرینی دووەمی سەرۆكایەتی ئەمریكا، بایدن 306 دەنگی كۆمەڵەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە لە بەرامبەر 232 دەنگ بۆ ترەمپ.

بابەتی پێشتر

کۆرۆنا و موچە.. مەترسییەکانی سەر پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ

بابەتی دواتر

مانچستەر سیتی پلانی (10) ساڵ کارکردن پێشکەشی مێسی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share