کۆرۆنا و موچە.. مەترسییەکانی سەر پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ

پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2020-2021 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و توشبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکاران ڕاگیرا تاوەکو بەرواری 1ی کانونی یەکەم و بڕیاری کۆتایی لەبارەی درێژکردنەوەی ڕاگیرانی خوێندن یاخود دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بەپێی بارودۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەدرێت.

لە بەرواری 10ی تشرینی یەکەم، لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی، بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵیدا بەجۆرێک پۆلی 12ی ئامادەیی و یەک و دوویبنەڕەتی لە ناو هۆڵەکاین  خوێندن دەستپێبکەنەوە و لە پۆلی سێ تاوەکو 11ی ئامادەیی بە شێوەی ئەلیکترۆنی بێت، بەڵام دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خوێندن بۆ هەموو قۆناغەکان ڕاگیرا.

بڕیارە لە بەرواری 1ی کانونی یەکەم لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاری کۆتایی لەبارەی خوێندنی ئەمساڵەوە بدات.

“خوێندکاران ئەو توێژەن کە زۆرترین هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدایە”

لەوبارەیەوە دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ بڕیاری وەزارەتی تەندروستی نییە ئێمە تەنها ڕێنمایی، ڕێکار و دۆخی ئێستای تەندروستی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسییەکان دەخەینە بەردەم لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دواتر لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانیارییانە بڕیارەکە بە هەماهەنگی دەدرێت”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم وتیشی، “خوێندکاران ئەو توێژەن کە زۆرترین هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایان بە شاراوەیی تێدایە چونکە نیشانەکانیان بەکەمی تێدا دەردەکەوێت هەروەها خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانەوە لەناویاندا زۆر کەمە بەهۆی تەمەنیانەوە، بۆیە دەکرا مەترسی گەورە دروستبکەن”.

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای مانگی داهاتوو ڕاپۆرتی خۆمان لەسەر دۆخەکە بە زانیاری و داتای ورد دەخەینە بەردەم وەزارەتی پەروەردە و لیژنەکە لەگەڵ ئەوەشدا ڕێنمایی و ڕێکارەکانیش دەخەینە بەردەمیان و دواتر بڕیارەکان لەوچوارچێوەیەدا دەدرێن.

 

“سەرەڕای کۆرۆنا، موچە کێشەیەکی دیکەی بەردەم دەستپێکردنەوەی خوێندنە”

عەبدولواحید محەمەد حاجی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشکرایکرد، “ئێستا دۆخی کۆرۆنا باشە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێستا ژمارەی توشبوون و مردن کەمبووەتەوە، بۆیە دەبێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چونکە ماوەیەکی زۆر بەسەر خوێندنی ئەمساڵدا تێپەڕیوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندنداین”.

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان سەبارەت چۆنییەتیی قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە لە خوێندنی ئەمساڵ فەوتاوە وتی، “دەکرێت بە کەمکردنەوەی پشووەکانی ئەمساڵی خوێندن قەرەبووی ماوەی فەوتاو بکەینەوە، دەکرێت پشووی وەرزی یەکەمی خوێندن هەڵبگیرێت، هەروەها پشوی نەورۆز کە ساڵانە بۆ نزیکەی مانگێک درێژە دەکێشێت کەمبکرێتەوە بۆ سێ ڕۆژ، هەروەها ئاساییە ئەگەر بۆ ماوەی 10 یان 15 ڕۆژ ساڵی خوێندن درێژبکرێتەوە، ئەمانە دەتوانن قەرەبوو بکرێتەوە”.

هەروەها گوڵستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوەکردەوە کە بەبەردەوامی لەسەر خەتن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندندان پێشنیارەکانی خۆشیان بۆ چۆنێیەتی خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان داوەتە وەزارەتی پەروەردە.

بەهەمانشێوە باسیلەوەکرد کە دەبێت لەڕێگەی کەمکردنەوەی پشووەکان و درێژکردنەوەی ساڵی خوێندن قەرەبووی ئەو ماوەیە بکەنەوە کە لە خوێندنی ئەمساڵ فەوتاوە.

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێکی دیکە لە کێشەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ ئەمساڵ دابەشنەکردنی مووچەیە و وتی، “موچە کێشەیەکی ئەساسییە چونکە ئەوە بۆ 60 ڕۆژ دەچێت موچە دابەشنەکراوە ئەمەش کاریگەری لەسەر باری دەروونی  مامۆستایان دروستکردووە، بۆیە لەگەڵ جەختکردنەوە لە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان سورین لەسەر دابەشکردنی موچە لەلایەن حومەتی هەرێمەوە و ئەمداواکارییەشمان پێڕاگەیاندوون”.

 

 

 

 

 

بابەتی پێشتر

ئاستبەرزی ئارسەر ڕاهێنەرانی بەرشلۆنە ڕوبەڕوی ڕەخنەکردووەتەوە

بابەتی دواتر

ترەمپ گڵۆپی سەوز بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بایدن هەڵدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share