دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بەغداد، چێوەی هەماهەنگی دەڵێت، “لەگەڵ یەكێتی و عەزم جەختمانكردەوە لە زوو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت”.
ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغداد کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چێوەی ھەماھەنگی بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی و ھاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، چێوەی هەماهەنگی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانیی عەزم جەختمانكردەوە لە زوو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت”.
ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پەرەسەندنەكانی دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و پەلەكردن لە تەواوكردنی شایستەیی دەستووری “بە بەشداریی هەموو لایەنە نیشتمانپەروەرەكان” تاوتوێكراون.
چێوەی هەماهەنگی لە درێژەی ڕاگەیەندراوەكەیدا ئاشكرایكردووە، “بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جەختیانكردەوە لەوەی قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستە پەلەبكرێت لە دەستپێكردنی هەنگاوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتێك كە توانای بەجێهێنانی داخوازییەكانی عێراقییەكانی هەبێت و ژیانێكی شكۆمەندانە و خزمەتگوزاری و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان دەستەبەربكات”.