سامانە سروشتییەكان: پێویستە دادگای كەرخ ڕێوشوێنەكانی دژ بە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم ڕابگرێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماركردنی چەند سكاڵایەك لەسەر وەزیری نەوت و بەڕێوەبەرێكی سەر بە وەزارەتەكە ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، پێویستە دادگای كەرخ ڕێوشوێنەكانی دژ بە كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم ڕابگرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، ڕۆژی 19ی ئایاری 2022 و لەسەر داوای وەزیری نەوتی عێراق، دادگای بازرگانی (الکرخ) لە بەغداد، ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دا کاردەکەن بانگکرد (استدعاء). لەوانەش کۆمپانیای (DNO، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداکس و گۆلف کیستۆن)، کە گرێبەستەکانیان بەپێی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی نەوت و گازی کوردستان واژووکراوە و ئەو یاسایەش بەپێی ماددەکانی دەستووری عێراقی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە.

وەزارەتەكە دەڵێت، “بانگکردنی دادگای (الکرخ)، دوایین زنجیرە ڕێوشوێنی نایاساییە، کە لەلایەن وەزیری نەوتی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە لە بەغدا گیراوەتەبەر و وادیارە ئەو کارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگایەکی بەغدایە کە خۆی بە (دادگای باڵای فیدراڵی) ناودەبات. ئەو بەناو (دادگای باڵای فیدراڵی)یە، لە 15ی شوباتی 2022 و بە پاڵنەرێکی سیاسی بۆچوونێکی دەرکرد کە مەبەست لێی پووچەڵکردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ی کوردستان بووە، کە هیچ دادگایەک لە بەغداد دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات”.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی دەستوور دانەمەزراوە، کەواتە هیچ دەسەڵاتێکی دەستوری نییە بۆ ئەوەی ئەو کارەبکات و، یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی بە بەرکاری دەمێنێتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕوونیشیكردەوە، لە 2ی حوزەیرانی 2022، حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵایەکی یاسایى لە دادگاى لێکۆڵینەوەى هەولێر لە دژی بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی تۆماركرد، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆی ئەویش لە ڕێگەی ترساندن و هەراسانكردنی ئەو کۆمپانیانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.

هەروەها لە 5ی حوزەیرانی 2022 دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا كە ئەو داوایانەى لە دادگای بازرگانی (الکرخ) لەدژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تۆماركراون، دەبێت بهێنرێنە دادگای لێکۆڵینەوەى هەولێر، بۆ ئەوەی وەك بەڵگە بۆ ئەو سكاڵا تاوانكارییە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. هەروەها دادگای لێکۆڵینەوەى هەولێر بڕیاریدا هەر داوایەكی یاسایی لە دادگای (الکرخ) کە بۆ ئەو مەبەستە تۆمارکراوە دوابخرێت، ئەوەش بەپێى یاسای بنەماکانى دادگایىکردنى سزایى ژمارە (23ی ساڵی 1979) عێراقی، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە و دەشڵێت، بۆیە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق کارەکانی دادگای مەدەنی ڕابگرێت تاوەکو ڕێکارەکانی دادگای لێکۆڵینەوە تەواودەبێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت. تەنانەت لە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە پشت بەستن بە ماددەی (38) لە یاسای دادبینى شارستانى عێراقى ژمارە(83ی ساڵی 1969) و بەپێی تایبەتمەدێتى شوێن (اختصاص مکانی)، دەبێت ئەم داوایانە لە دادگا شارستانییەکانى هەرێمى کوردستان دادبینى بۆ بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، چونکە کۆمپانیا داوالێکراوەکان هەر هەموویان لە کوردستان تومارکراون و لە کوردستان کاردەکەن.

لە كۆتاییشدا دەڵێت، لە 5ی حوزەیرانی 2022، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوایەکی مەدەنی لەسەر وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ تۆماركرد. بە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەکانی یاسای مەدەنی عێراقی، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارە لە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە بۆ کۆمپانیاکان کە مەبەست لێی ترساندن و دەستوەردان بووە لە مافی کۆمپانیاکان لەو گرێبەستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە.

بابەتی پێشتر

تاقیکردنەوەی دیاریکردنی بەرکەوتەی وزەی كارەبای پارێزگاكان دووبارە دەكرێتەوە

بابەتی دواتر

دادگای سلێمانی لەسەر ڕووداوەكەی ئەمڕۆ ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share