دادگای سلێمانی لەسەر ڕووداوەكەی ئەمڕۆ ڕوونكردنەوە دەدات

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی نیگەرانی لە ڕووداوەكەی ئەمڕۆی ناو دادگا نیشاندەدات و ڕوونیشیدەكاتەوە، دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگاوە پەسەندكراوە.

‎سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، جێگەی داخ و نیگەرانییە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو ڕوویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە.

‎دەشڵێت، بۆ هەموو لایەكی ڕووندەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تاریقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بەلەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەندكراوە و دۆسیەكەیان ڕەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كراوە و، جێبەجێكردنی سزاكە پەیوەندی بە دادگاوە نییە و لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.

‎”ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبووە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی، ئۆتۆمبیلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازة اموال مسروقة) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕوونكردنەوەدا هاتووە.

‎ڕوونیشیدەكاتەوە، هەر ئەمڕۆ دادگایی چەندین تاوانكار و تۆمەتبار لە دادگاكانی سلێمانی بەڕێوەچووە كە زۆر لە كەیسەكەی ئەو قورستر و ترسناكتە بوون و، كەسوكاری تاوانلێكراوان بەوپەڕی ڕێز و شكۆوە لە دادگا و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان ڕوانیوە و پرۆسەكە بەشێوەیەكی یاسایی ڕێكوپێك بەڕێوەچووە. بەپێچەوانەی كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەموو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەموو لایەك كردووە، بەڵام ڕەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەكەیان كراوە و چاوپۆشییان لێكراوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەك هەموو جارێك سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون، بەو کەرەستانەش لە بەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە كە بەڤیدیۆ كۆی ڕووداوەكان بەردەستە و حاڵەتەكەی ئەمڕۆش كاردانەوەی ئەو ڕەفتارانەی ئەوان بووە.

‎سەبارەت بە دەستگیردنیشیان دەڵێت، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (230)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازادكراون تا ڕۆژی دادگایی.

‎سەبارەت بەو حاڵەتی لێدانەش كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە دادگای سلێمانی دەڵێت، ڕەفتارێكی کەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسەندی ناكات و بە نەخوازراوی دەزانێت و، ئەو كەسەی ئازاردراوە دەتوانێت سكاڵا تۆماربكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر، بەڵام ناكرێت حاڵەتەكە بگشتێنرێت بەسەر هەموو پۆلیس و پاسەوانەكانی دادگادا كە ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاوڵاتییان و شكۆی دادگایە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سلێمانی دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیرا كە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی لە هەولێر بۆ دەركرابوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیرا كە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەبووە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی عەنكاواوە. بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share