دادگای بەریتانیا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی كۆچبەران بۆ ڕواندا نیشاندا

دادگای بەریتانیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی خوازیارانی مافی مانەوە لە شانشینی یەكگرتووەوە بۆ ڕواندا، سەرەڕای هەوڵی چالاكوانان بۆ ڕاگرتنی ڕەوانەكردنەكە كە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە دەستپێبكات.

بەپێی سیاسەتی نوێی حكومەتی بەریتانیا، ئەو كەسانەی بەشێوەی نایاسایی ڕوو لە شانشینی یەكگرتوو دەكەن ڕەوانەی ڕواندا دەكرێن بۆ پێشكەشكردنی داوای مانەوە لەوێ.

لەو چێوەیەدا ئامادەكاری كراوە بۆ گواستنەوەی نزیكەی 31 كەس، لە یەكەم گەشتدا كە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بۆ ڕواندا ئەنجامبدرێت. بڕیاریشە ڕۆژی دووشەممە دادگای پێداچوونەوە چاو بە دۆسیەكەدا بخشێنێتەوە.

بڕیاریشە پێداچوونەوەی دادوەریی بە تەواوەتی بە دۆسیەكەدا بكرێت و، دادگای بەریتانیا بەر لە كۆتایی تەمموزی داهاتوو چاو بەو تانەیەدا بخشێنێت كە لەسەر سیاسەتی پەیڕەوكراوی حكومەت لە مامەڵەكردنیدا لەگەڵ پرسی كۆچبەران تۆماركراوە.

ڕۆژی هەینی دادوەر سویفت وتی، “بەرژەوەندیی گشتی” ڕۆژی هەینی دادوەر سویفت وتی، “بەرژەوەندیی گشتی” هەیە لە جێبەجێكردنی سیاسەتی وەزارەتی ناوخۆ لەو پرسەدا.

لای خۆیەوە بریتی باتیل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا خۆشحاڵی بە بڕیارەكە نیشاندا و وتی، حكومەت هەنگاو لەسەر پلانەكەی دەنێت. هاوكات بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیران بڕیارەكەی بە “هەواڵێكی دڵخۆشكەر” ناوبرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، چالاكوانان كە سكاڵاكەیان بەرزكردووەتەوە نیگەرانی خۆیان دەربارەی چارەنووسی ئەو كەسانە دەربڕی كە “بەزۆرەملێ دەگوازرێنەوە”، دووپاتیشیانكردەوە كە داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا دەكەن.

حكومەتی بەریتانیا لەڕێی پلانەكەیەوە دەیەوێت ڕێگری لە پەڕینەوەی كۆچبەران لەڕێی نۆكەندی ئینگلیزەوە بكات، لەڕێی ڕاگەیاندنی ئەوەی لەمەودوا ڕواندا مامەڵە لەگەڵ زۆرێك لە حاڵەتەكانیاندا دەكات.

لەكاتێكیشدا ڕواندا چاو بە داوای مانەوەیاندا دەخشێنێتەوە، مافی مانەوە و پاڵپشتییان پێدەدرێت ئەگەر داواكارییەكەیان قبوڵكرا، دەتوانن لە ڕواندا بمێننەوە لەگەڵ مافی دەستگەیشتن بە خوێندن و پاڵپشتی بۆ ماوەیەك تا پێنج ساڵ.

ئەوانەشیان كە داوای مانەوەیان ڕەتدەكرێتەوە دەتوانن داوای بەدەستهێنانی ڤیزا بكەن بە ڕێگاكانی دیكەی كۆچ، ئەگەر بشیانەوێت لە وڵاتەكەدا بمێننەوە، لە بەردەم مەترسی ڕەوانەكردنەوەدا دەبن.

چالاكوانان هەوڵیاندا ڕێگری لەو گەشتە چاوەڕوانكراوە بكەن كە بڕیارە سێشەممە ئەنجامبدرێت.

پارێزەرانیان ئاماژەیان بەو مەترسیانە كرد كە بەهۆی كەموكوڕی لە سیستمی مانەوە لە ڕواندا لەئارادایە و ئەگەری ئەوەی ئەو كەسانە ڕووبەڕووبوونەوەی سەركوتكاری ببنەوە.

لە بەرامبەردا پارێزەرانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بە دادگایان ڕاگەیاند كە پێویستە پلانەكە ڕانەگیرێت لەڕێی تانە یاساییەكانەوە، بەهۆی ئەوەی لە خزمەت بەرژەوەندیی گشتیدایە.

دادوەر ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەك بەدینەكراوە دەربارەی بوونی “خراپی مامەڵە یان گەڕاندنەوەی زۆرەملێ” یان هەر شتێك كە مافەكانیان پێشێلبكات بەپێی ماددەی 3ی یاسای مافەكانی مرۆڤ لە شانشینی یەكگرتوو.

ماددەی سێیەم جەخت دەكاتەوە لەسەر پاراستنی ئەو كەسانە لە ئەشكەنجە و مامەڵە یان سزای نامرۆڤانە یان سوكایەتی و گواستنەوە یان ڕادەستكردن بە وڵاتێك كە تیایدا مەترسیی ڕاستەقینە هەبێت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەیان بە ئەشكەنجە یان مامەڵەی نامرۆڤانە.

دادوەر مافی بە چالاكوانان و كۆچبەران دا داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكەن و وتی، دادگای پێداچوونەوە ڕۆژی دووشەممە دەتوانێت چاو بە دۆسیەكەیاندا بخشێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەسپی غەمگین.. نەخۆشییەكی كوشندە كە مرۆڤ تووشی دەبێت

بابەتی دواتر

وەزارەتی ناوخۆ: ئەوانەی ئۆتۆمبێلی حکومییان پێیە دەبێت خۆیان سزای سەرپێچییەکان بدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share