پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێت، حەلبووسی لە بەردەم مەترسیی لەدەستدانی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەراندایە و ناڕەزاییەكان بەرامبەری هەڵكشاون.
ڕەفیق ساڵحی ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، زۆربوونی ئاستەنگییەكان لە بەردەم محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پۆستەكەی ناوبراو دەخەنە مەترسییەوە.
بەپێی وتەی ساڵحی، داهاتووی حەلبووسی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەركردەی سوننەكان لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیدایە و ڕایگەیاند، “حەلبووسی تووشی لەخۆباییبوون بووە و سیاسەتی دەمكوتكردنی نەیارانی و خۆسەپێنی پەیڕەودەكات، ئەوەش وایكردووە متمانەی خەڵكی پارێزگاكەی و پارێزگا ڕزگاركراوەكان لەدەستبدات”.
میدیای عێراقی دەڵێت، بەشێك لە كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی ئەنبار ناڕازین لە سیاسەتەكانی محەمەد حەلبووسی و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، كۆنگرەیەكی عەشائیری لەگەڵ كەسایەتییەكانی پارێزگا سوننەنشینەكانی تردا ڕێكبخەن و داوابكەن دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە.