وەزیری تەندروستی: دەرمان بە چەند کارتۆنێک و وێنەگرتن دابینناکرێت

 

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چەند پرسێک قسەی بۆ میدیاکان کرد، لەناویاندا پرسی دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان و دەنگۆی ئەو پەرلەمانتارانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەوە کردووە دەرمانیان بۆ سلێمانی دابینکردووە و تەندروستیی سلێمانی وەرینەگرتووە.

دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “حکومەتی عێراق لە بودجەی حاکیمە بڕە دەرمانێک بۆ پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دابیندەکات، کۆمپانیای دابینکەری دەرمان بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی تەندروستیش ڕاستەوخۆ “مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆگاکان دەکات، بۆیە کەسێک یان پەرلەمانتارێک دەڵێت دەرمانمان دابینکردووە دوورە لە ڕاستییەوە و ناتوانرێت ئەوە بکرێت چونکە بڕە دەرمانی هەر پارێزگایەک دیاریکراوە، عێراق لەسەر بڕی پێویستی هەر پارێزگایەک دابینیدەکات.

جەختیکردەوە، کە لەڕێگەی چەند تەرخانکراوێکی دیکەوە بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کەموکوڕیی دەرمان پڕدەکرێتەوە.

“داواشیکرد، هیچ کەس و لایەنێک پرسی دەرمان بۆ موزایەدە بەکارنەهێنێت، “چونکە دەرمان بە چەند کارتۆنێک و ژمارەیەک وێنەگرتن دابینناکرێت.

سەبارەت بە تای خوێنبەربوون وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، تیمەکانی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەستیانکردووە بە ڕێکارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون، هەروەها تیمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکان لە وەزارەتی تەندروستی بەردەوامن لە کارکردن بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی هەر حاڵەتێکی تووشبوون.

دکتۆر سامان باسی لەوەکرد، کە ڕۆژانە بەبەردەوامی حاڵەتی گومانلێکراو هەن، کە بەرکەوتنیان بە ئاژەڵ هەبووە یان ئاژەڵداری دەکەن، بەڵام تائێستا لە تاقیگەکان جگە لە دوو حاڵەتی پێشوو هیچ حاڵەتێکی دیکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئەو دوو حاڵەتەش دوای وەرگرتنی چارەسەر بە تەندروستییەکی باش گەڕێنراونەتە ماڵەوە.

وتی، نەخۆشییەکە یەکێکە لە نەخۆشییە گواستراوەکانە کە ڕێژەی مردن و پەککەوتن تێیدا بەرزە، کە زیاترە لە 50%یە، “بەهۆی ئەوەی نەخۆشییەکە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە و بۆیە بە گرنگییەوە چاودێریی نەخۆشییەکە دەکەین”.

سەبارەت بە نەخۆشیی شێرپەنجە و بەرزیی ژمارەی تووشبووان لە سلێمانی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە زیادیکردبێت، هۆکاری زۆریی ژمارەکەشی بۆ باشتر دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە گەڕاندەوە و دڵنیاییدا، تا ئێستاش ڕێژەکە لەناو ستانداردە جیهانییەکاندایە و پێوەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی تێنەپەڕاندووە.

بابەتی پێشتر

پارەی زیادەی گەنم دەدرێت بە جوتیاران

بابەتی دواتر

دابەشکردنی فۆرمی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەستپێدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share