ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: خەرجنەکردنی پارە ڕێگرە لە تەواوکردنی شەقامی 100 مەتری

شەقامی ئۆتۆبانی بابان

 

 

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سەردانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییان کرد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە ئاشکرایکرد، بەهۆی ئاستەنگی داراییەوە پرۆژەکە بە خاوی کاری تێدا دەکرێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوو ئاستەنگی گەورە لەبەردەم پرۆژەکەدان و ڕێگرن لە تەواوکردنی، یەکەمیان ئاستەنگی دارایی و خەرجنەکردنی پێشینەکانە بۆ پرۆژەکە کە گرفتی سەرەکیی کۆمپانیای جێبەجێکارە.

بەپێی بەدواداچوونی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیاکە تائێستا بەبڕی زیاتر لە 150 ملیار دینار کاریان کردووە لە پرۆژەکەدا لەو بڕە پارەیە تەنها 30 ملیار دیناریان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ خەرجکراوە، نزیکەی شەش مانگە حکومەت هیچ وەڵامێکی نییە بۆ خەرجییەکانی کۆمپانیاکە.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەکرد، کە لە مانگەکانی ڕابردوودا وەزارەتی شارەوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی بەبڕی 95 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی بەشێک لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر واژووکردووە، لەکاتێکدا شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەبینین بە چ دەردێک ڕۆشتووە.

ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەو ئاستەنگە داراییەی هەیە تەنها 40%ی پرۆژەکە تەواوبووە، ئەگەر ئەو ڕێگرییانە نەبووایە دەکرا زیاتر کاری تێدابکرێت، ئەو بەشەی تەواوکراوە بەشە قورسەکەی پرۆژەکەیە و ئەگەر ئاستەنگە داراییەکان نەمێنێت دەتوانن بەکاتێکی خێراتر بەشەکەی تری تەواوبکرێت.

ئازاد حەمە ئەمین وتی، یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکان لانەبردنی بەشێکی زۆر لە زیادەڕۆییەکانی بەردەم پرۆژەکەیە.

داواشی لە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد پەلە بکەن لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم پرۆژەکە و خەرجکردنی پارەی کۆمپانیای جێبەجێکار کە شەش مانگە هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرجنەکراوە.

ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی تەواوکردنی پرۆژەکە سێ ساڵە و دوو ساڵی تێپەڕیوە، بەهۆی ئەو گرفتانەوە ئێستا کەمتر کاری تێدادەکرێت، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوامبێت ڕەنگە کارکردن تێیدا بوەستێت.

بابەتی پێشتر

داوایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی پێشكەشی دادگای فیدراڵی كرا

بابەتی دواتر

شێوازی وەرگرتنی تابلۆ نوێیەكەی ئۆتۆمبێل ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share