بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی مریشك لە بازارەكاندا زیاتر بەرزدەبێتەوە و نرخی یەك كیلۆ مریشك گەیشتووەتە 4 هەزار و 500 دینار.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، نرخی یەك كیلۆ مریشك لە هەفتەی ڕابردوو چوار هەزار بۆ 4 هەزار و 250 دینار بووە و ئێستا گەیشتووەتە 4 هەزار و 500 دینار.
ئاشكرایكرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە بەشێكی زۆری كێڵگەپەلەوەرییەكان دادەخرێن و ناتوانرێت وەك پێویست كارەبا و ئامێری فێنكەرەوە دابینبكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند جۆرێك لە ڤایرۆسی پەلەوەر بەشێكی زۆری كێڵگەپەلەوەرییەكان زەرەرمەندبوون و وادەكات نرخی مریشك گرانتربێت.
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی وتی، “ڕێگە بە هێنانی مریشكی بەستوو بەپێی ڕێنماییەكان دەدرێت و لەم وەرزەشدا ڕێگەنادرێت بەرهەمی ناوخۆ بنرێتە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق”.