ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی پۆلیسی نێودەوڵەتیی “ئینتەرپول” ترسی هەیە لەوەی چەكی ئەمریكی بكەوێتە دەست “ئەوروپییە تاوانكارەكان” و دەڵێت، ئاگاداربن.
یۆرگن ستوك ئەمینداری گشتیی “ئینتەرپول” ڕایگەیاند، ئەو چەكانەی ئەمریكا دەیاندات بە ئۆكرانیا، دوورنییە بكەونەدەست گرووپە تاوانكارەكانی ئەوروپا و وتی، “ئێستا ژمارەیەكی زۆر چەك بڵاوبوونەتەوە، تاوانكارەكان چاویانبڕیوەتە ئەو چەكانە و دەیانەوێت بەدەستیانبخەن”.
هۆكاری هەوڵدانی “تاوانكاران” بۆ بەدەستخستنی ئەو چەكانە، وەك یۆرگن ستوك دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی چەكە لە بازاڕی ڕەشی ئەوروپادا، لە كاتێكدا ئەو چەكانەی ڕەوانەی ئۆكرانیا دەكرێن ژمارەیان زۆرە و دەكرێت بە نرخێكی هەرزان مامەڵەیان پێوەبكرێت.
ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی پۆلیسی نێودەوڵەتیی “ئینتەرپول” هۆشداری دا لەوەی تەنانەت چەكی قورسیش دەكەوێتە بەردەست گرووپە تاوانكارەكان و وتی، “تاوانكارەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاردەكەن، بۆیە چەكەكان بەسەر گشت كیشوەرەكاندا دابەشدەكرێن”.