ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکردووە، جگەرەکێشان ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 8 ملیۆن کەس، هاوکاتیش چاندنی تووتن هەموو ساڵیک دەبێتە هۆی لەناوچوونی 3.5 ملیۆن هێکتار زەوی.
هاوکاتیش ڕێکخراوەکە هەڵمەتێکی ڕاگەیاندووە دژ بە جگەرە و تووتن، هەر لە کێشانییەوە تا چاندنی تووتن و گواستنەوەی، بەهۆی ئەو زیانانەوە کە بە مرۆڤ و ژینگەی دەگەیەنن.
تەندروستیی جیهانی ڕوونیکردووەتەوە، 4.5 ترلیۆن فیلتەری جگەرە بە شێوەی گونجاو لەناونەبراون، بۆیە 1.69 ملیار رەتڵ پاشماوەی ژەهراوی پێکدەهێنن و هەزاران ماددەی کیمیایی ژەهراوی دەخەنە هەوا و ئاو و خاکەوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، جگەرەکێشان ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 8 ملیۆن کەس، 1.2 ملیۆنیش لەو کەسانە جگەرەکێشی ڕاستەوخۆ نین، بەڵکو دووکەڵی جگەرەی ئەوانی دیکە هەڵدەمژن.