مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی حزبەکە کردووە و دەڵێت، ” پشتیوانی بەهێزی حکومەت بن لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەکەی”.
ئەمڕۆ 1ی حوزەیرانی 2022 یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەوبۆنەیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەکاتە و ڕایگەیاندووە، “هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان”.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “ئومێدەوارم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک بەشدارێکی سەرەکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستان، پشتیوانی بەهێزی حکومەت بن لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەکەی بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتێکی شایستەی خەڵکی کوردستان بکات”.
مەسرور بارزانی جەخت لە گرنگی هەماهەنگی و کارکردنی لایەنە کوردستانییەکان دەکاتەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دەکات و ڕایگەیاندووە، ” گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندامان و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین”.
لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە، “لەم دەرفەتەدا وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم یادە و تێکۆشانی یەکێتیی نیشتمانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، دووبارە جەخت دەکەینەوە لەسەر هەماهەنگی و تەبایی و دۆستایەتیی نێوانمان”.
هەوەها جەختدەکاتەوە لە یەک هەڵوێستی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفت و کێشەکان و پاڵپشتیکردنی حکومەت و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.