وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانی وڵاتەكەی لە چالاكییە سەربازییەكانی توركیا لە باكووری سوریا دەردەبڕێت و داوادەكات، ئاگربەست نەشکێندرێت.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كەمێك لەمەوبەر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی وتەكانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا نیگەرانی وڵاتەكەی دەربڕی و دەڵێت، “نیگەرانین لە زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سوریا و پشتیوانی لەمانەوە و پاراستنی ئاگربەست دەکەین”.
پرایس لەبارەی دەستپێشخەرییەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریش جەختی کردەوە، واشنتۆن بەلایەوە گرنگە بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا هەبێت.
وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدادیش وتی، داوایان لەهەردوولا کردووە پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن.