لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەوڵێك هەیە بۆ ڕاگرتنی لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، تۆڕی میدیایی ئێستا پرسی ئایا هەوڵی لەو جۆرە توانای ڕاگرتنی هێرشەكانی هەیە؟، سەرۆكی فراكسیۆنێكی ئەنجومەنی نوێنەران وەڵامیدایەوە و وتی، “دەستدرێژیكردنەسەر خاك هێڵی سوورە و ڕێگری لێدەكەین، گەر سەروەریمان نەبێت، نە حزبمان دەبێت و نە وڵات”.
لەشكركێشی و بۆردومانی سوپای توركیا و فڕۆكەكانی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامن، ئەمڕۆ سێشەممە جارێكی تر فڕۆکە شەڕكەرەکانی تورکیا سنووری ئامێدی-یان بە چڕی بۆردومانكرد.
هاوكاتی ئەو هێرشانە، عێراق هەوڵدەدات لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڵوێست ڕابگەیەنێت. مەهدی تەقی ئامرلی سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و ڕایگەیاند، هێرشەكان بەردەوامن و ئەوەش نیشانەی لاوازیی دەوڵەتە، كاردانەوەمان بەرامبەر بە توركیا دەبێت، ڕێگەنادەین نە ئێران و نە توركیا هێرشبكەنەسەر هەرێم و عێراق”.
لەبارەی چۆنێتیی نواندنی هەڵوێستەوە، مەهدی تەقی ئامرلی وتی، “وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی توركیا بانگدەكەین بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و تایبەت بەو لەشكركێشییە ناڕەزایی دەردەبڕین”.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “ئێستا”دا كە ئایا هەوڵی لەو جۆرە دەتوانێت بەر لە هێرشی سەربازیی وڵاتان و بەتایبەت توركیا بگرێت؟، سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، “نەخێر، چونكە دەوڵەت لاوازە، هەموو حزبەكان لەنێوان خۆیاندا ناكۆكن، بەبێ ڕیزپەڕ و جیاوازی هەموومان ناكۆكین و بابەتەكەمان پشتگوێخستووە و سەرگەرمی پێكهێنانی حكومەتین، لەولاشەوە هێرشەكان بەردەوامن، دەبێت هەڵوێستمان هەبێت بەرامبەر بە پێشلێكارییەكان و لەپێناو پاراستنی سەروەریی وڵات ناكۆكییەكان وەلاوەبنێین”.
وتیشی، “گەر هەمووان كۆك و هاودەنگ بین، دەتوانین هێرشەكان ڕابگرین، دەبێت سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكان دابنێین، پێشێلكاری بۆ سەر خاك هێڵی سوورە و گەر سەروەریمان نەبێت، نە حزبمان دەبێت و نە وڵات، بۆیە هەڵوێستی تریشمان دەبێت”، بەبێ ئەوەی وردەكارییەكەی بدركێنێت.