ئەنفلۆنزای تەماتە چییە و نیشانەکانی چین؟

پاش ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاوڵەی مەیموون، چەندین قەیرانی تەندروستی ڕووبەڕووی وڵاتانی جیهان دەبنەوە، هەر لەم میانەشدا میدیاکانی هیندستان چەند تووشبوویەکی دیکەی “ئەنفلۆنزای تەماتە”ـیان ڕاگەیاندووە.

بەپێی پێگەی “ئیندیا تایمز”، نەخۆشییەکە لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەدا بڵاوبووەتەوە. تا ئێستا 26 توشبوو لە ویلایەتی ئۆدیشا ڕاگەیەندراون، پێشتریش 80 تووشبووی دیکە لە ناوچەی کولام-ی ویلایەتی کیرالا هەبوون.

ئەم ئەنفلۆنزایە زۆربەی جار تووشی منداڵانی تەمەن 1-9 ساڵان دەبێت. بەڵام لە پێگەیشتوواندا ئەم نەخۆشییە دەگمەنە، بەوپێیەی بەهێزیی سیستمی بەرگریی جەستەیان ڕێگردەبێت لە تووشبوونیان.

تووشبووی ئەم نەخۆشییە پلەی گەرمیی جەستەی بەرزدەبێتەوە، زۆربەی جاریش سوورێژە، ئاوڵە و وشکبوونەوەی پێستی لەگەڵدایە، هاوکاتی دەرکەوتنی زیپکە و لیری سوور بەسەر شوێنە جیاجیاکانی جەستەوە.

بەهۆی بازنەییبوونی لیر-ەکان و ڕەنگی سووریانەوە، ئەم حاڵەتە تەندروستییە ناوی “ئەنفلۆنزای تەماتە”ـی وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تەماتەوە هەبێت.

ئەم ئەنفلۆنزایە بە درم دادەنرێت، واتە دەگوێزرێتەوە و پێویستە تووشبووانی داببڕدرێن، تاکو ئەوانی دیکە تووش نەکەن.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، جگە لەو نیشانانەی پێشتر باسکران، ئەم ئەنفلۆنزایە دەکرێت قڵیشان و ئازاری ناودەمی لەگەڵدا بێت، هەروەها ماندوویی، ئازاری پەلوپۆ، دڵتێکەڵهاتن، ڕشانەوە، سکچوون و پژمینیش.

لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگی دەست و پێیەکانی تووشبووی ئەم نەخۆشییە بە تەواوی دەگۆڕێن.

پزیشکان ڕایانگەیاندووە، نابێت ڕێگە بە منداڵانی تووشبوو بدرێت لیر و زیپکەکانی جەستەیان بخورێنن. پێویستە لە خەڵکانی تر بەدووربن و پاکوخاوێنیی خۆیان ڕابگرن.

هەروەها پێویستە سەرجەم ئەو جلوبەرگ و کەلوپەلانەی توشبووەکە بەکاریاندەهێنێت، پاکبکرێنەوە و کوهولیان لێبدرێت، تاکو بەهۆیانەوە نەخۆشییەکە بڵاونەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو کەی دەستپێدەکات و چۆن دەبێت؟

بابەتی دواتر

453 موڵك و خانوو گەڕێندرانەوە بۆ حكومەت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share