لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسایەكیان ئامادەكردووە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و دەڵێت، “ئەگەر پڕۆژەیاساكە پەسەندبكرێت هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس كە خانەنشین دەبن مووچەیان لە 400 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات”.
شاخەوان ڕەئووف، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پڕۆژەیاساییەكان ئامادەكردووە تایبەتە بە خانەنشینكردنی هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ پڕۆژەكەش ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كراوە و چاوەڕواندەكەین ڕەزامەندی دەرببڕن و بۆمان ڕەوانە بكرێتەوە”.
ئاشكرایكرد، “بەلامانەوە گرنگە پرۆژەكە پەسەندبكرێت بەجۆرێك كە ئێستا هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ و ئەوانەی كارمەندن كاتێك خانەنشین دەبن مووچەكەیان لە نێوان 220 هەزار بۆ 240 هەزار دینارە و بەپێی ڕەشنووسی ئەو پڕۆژە یاسایەی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا ئامادەمانكردووە هێزە ئەمنییەكان لەكاتی خانەنشینبوونیاندا مووچەیان لە 400 هەزار دینار دەستپێدەكات كە 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتیان هەبێت دەتوانن خانەنشین ببن”.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەكرد، “هەر كات پڕۆژەكە لە ئەنجومەنی وەزیران گەڕایەوە دەخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكان و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت و دەبێتە یاسا و هێزە ئەمنییەكانیش بەو یاسایە دەتوانن خۆیان خانەنشین بكەن”.