هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل نیگەرانییان لە پەسەندکردنی یاسای بەتاواندانانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە نیشاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو یاسایە هەڵەیەکی مێژوییە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بەتاواندانانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاویکردەوە، پەسەندکردنی ئەو یاسایە سەرکۆنە دەکەن، ڕاشیگەیاندووە، “یاساکە حکومەت و گەلی عێراق دەخاتە لایەنێکی هەڵەی مێژووییەوە و هەروەها دایدەبڕێت”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، گۆرانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل هۆکارێکە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، ئەوە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ڕوونیکردووەتەوە، “ئەو سەرکردانەی ڕێگەی ڕق و دژایەتی هەڵدەبژێرن، یەکەمجار زیان بە گەلەکەیان دەگەیەنن بەرلە هەر شتێکی دیکە”.
هەر لەبارەی یاساکەوە نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر نیگەرانە لەو یاسایە، یاساکە ئازادیی ڕادەربڕین دەخاتە مەترسییەوە و ژینگەی دژایەتی بەهێزدەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو یاسایە دژایەتییەکی ڕوونە لەگەڵ هەوڵ و هەنگاوەکانی وڵاتانی دراوسێ لەپێناو دروستکردنی پردێک بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.