گەرمیان.. تەرمی ژنێك بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە و براكانی دەستگیركراون

سیانیان برای قوربانییەكەیە و دانیان بە تاوانەكەدا ناوە

پۆلیسی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی تەرمی ژنێك بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە، پاش لێكۆڵینەوە چوار تۆمەتبار دەستگیركران كە سیانیان برای قوربانییەكەیە و دانیان بە تاوانەكەدا ناوە، قوباد تاڵەبانیش لە ڕاگەیەندراوێكدا ئیدانەی ئەو كردەوەیە دەكات.

عەلی جەمال قدوری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئاگادارکرانەوە لە بوونی تەرمێک لە گەڕەکی شارەوانی دووی قەزای کەلار، دەستبەجێ مەفرەزەکانیان چونە شوێنەكە و دەرکەوت ژنێك بەناوی (م. ا. م) لەدایکبووی ساڵی 1994 لەماڵەکەی خۆیدا هەڵواسراوە و گیانی لەدەستداوە.

دەشڵێت، بەئامادەبونی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار و بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان لێکۆڵینەوە لە شوێنی ڕوداوەکە کرا و تەرمی ناوبراو بەمەبەستی پشکنین ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کرا.

بەرپرسەكەی پۆلیسی گەرمیان ڕوونیشیكردەوە، دوای کەمتر لە دوو کاتژمێر مەفرەزەکانیان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیان چوار تۆمەتبار دەستگیربکەن، کە سێ کەسیان برای کوژراوەکەن، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباراندا دانیان نا بە تاوانەکەدا کە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە.

تۆمەتباران لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 بەندکراون.

قوباد تاڵەبانی: کەی لەوە تێدەگەین کە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە

لەبارەی ئەو ڕوداوەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕاگەیاند، “بەداخەوە جارێکی تر بە تاوانێکی تری ژن کوشتن ڕاچڵەکاین، بەداخەوە ژنێکی تریش بە کوژراوی دۆزرایەوە، کەی لەوە تێدەگەین کە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە؟!”.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیسی کەلار دەکەم بۆ دەستگیرکردنی خێرای تۆمەتباران بەو هیوایەی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن و ببنە پەند بۆ کەسانی تر کە بیر لەکوشتنی ژنێکی تر دەکەنەوە”.

بابەتی پێشتر

بەردەستبوونی ڤاكسینی كۆرۆنا.. نزیكتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی ئەو كەسانەی دەستگیركرد كە هێرشیانكردە سەر خاوەنی چێشتخانەكە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share