قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، “پێویسته ڕێگربین له توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان و بنبڕكردنی پێویستی به هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمەڵگە هەیە”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندوه، “ئه‌مڕۆ چووم بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیریی ته‌واوم پێشكه‌ش به كۆی تیمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان و خێزان و به‌ڕێوه‌به‌ره نوێكه‌یان فێنك خان بكه‌م. ئه‌وان كاری پڕ به‌ها ده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان”.
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران وتی، “داوا له كۆمه‌ڵگەكه‌مان به گشتی ده‌كه‌م، پیاوانی ئایینی، دادوه‌ره‌كان، سه‌رۆك عه‌شره‌ته‌كان، فه‌رمانبه‌ران، پزیشكان، مامۆستایانی زانكۆ، خوێندكاران، سیاسه‌تمه‌داران، هه‌مووان پشتگیری‌یان بكه‌ن له ئهركهكهیاندا”.
قوباد تاڵەبانی جەختدەكاتەوە كە “بنبڕكردنی به‌ڵای توندوتیژیی دژی ژنان، پێویستی به هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگە هه‌یه و هه‌موومان پێویسته زیاتر بكه‌ین، چونكه هیچ شه‌ره‌فێك له ژن كوشتندا نییه”.