وەزارەتی كارەبای هەرێم چەند بڕیارێیكی نوێی دەركرد و یەكێك لە بڕیارەكان دابینكردنی كارەبای بەردەوامە بۆ ناوەندەكانی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبای هەرێم تێیدا هاتووە،ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی وەزارەتی كارەبا بە سەرپەرشتیی كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا بەڕێوەچوو و لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندنی كار و پڕۆژەكانی كارەبا كرا و ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:
1.بۆ بەرەنگاربوونەوە هەڵكشانی خواست لەسەر كارەبا لە گەرمای ئەم هاوینە، ژمارەیەك لە یەكەكانی نوێی بەرهەمهێنانی كارەبا بەگەڕ دەخرێن.
2.كارەبای بەردەوام بۆ ناوەندەكانی تاقیكردنەوەی كۆتایی قۆناغی(12) ئامادەیی دابیندەكرێت.
3.ڕاپۆرتی سێ ساڵی یەكەمی وەزارەتی كارەبا لە كابینەی نۆیەم ئامادە دەكرێت.
4.قۆناغی یەكەمی پرۆژەی پێوەری زیرەك تەواو دەكرێت و كار بۆ زیادكردنی ژمارەی هاوبەشی نوێ لە پێوەری زیرەك دەكرێت. تا ئێستا یەك ملیۆن و 266 هەزارو 326 پێوەری زیرەك بەستراون.
5.شێوازی پری پەید (prepaid) بۆ پێدانی كارەبا بە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەكرێتە ئەزمونێك بۆ پێدانی هاوشێوەی كارەبا بە شوێنەكانی دیكە. لە هەموو پارێزگاكان نموونەیەك بە هەمان شێوە جێبەجێدەكرێت.