بڕیارە ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی، یەکێتی و پارتی کۆببنەوە.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
بڕیارە کۆبوونەوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 11:30ی پێشنیوەڕۆ لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لەکۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێدەکرێت، کە گرنگترینیان پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستانە.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد، لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە، هەر لەو سەردانەدا لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان بافڵ تاڵەبانی وەک “سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” ناوبرد.