پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك چەند لایەنێكی ئەرێنی هەیە و چەند مەترسییەكیش دروستدەكات و دەڵێت ، “ترس هەیە ئەگەر پرۆژەكە پەسەند بكرێت وەك بەدیلی یاسای بودجە مامەڵەی لەگەڵبكرێت بۆ هەرێمی كوردستانیش بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی دۆسییەی نەوتەوە ڕێككەوتن زۆر قورس دەبێت”.
كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراكی ڕەتكردووەتەوە بەوهۆیەوەیە حكومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە و ناتوانێت هیچ پرۆژەیەك بنرێتە پەرلەمان یاخود گرێبەست واژووبكات و ئەمجارە پرۆژە یاساكە لەپەرلەمانەوە ئامادەكراوە و دەخرێتە بەرنامەی كار و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.
ئاشكرایكرد، پەسەندكردنی ئەو پرۆژەیاسایە چەند لایەنێكی ئەرێنی هەیە و لە هەمانكاتدا چەند لایەنێكی نەرێنیشی هەیە بەپێی پرۆژەیاساكە پێشنیازی دروستكردنی چەند بەنداوێك بۆ هەرێمی كوردستان كراوە لەگەڵ خەرجكردنی شایستەی دارایی جوتیاران و زیادكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان لەهەمانكاتدا دەسەڵات دەداتە حكومەت بۆ ئەنجامدانی چەند گرێبەستێكی تایبەت بە سێكتەری كارەبا.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كرد، “ترس هەیە ئەگەر پرۆژەیاساكە پەسەندبكرێت ببێتە بەدیلی یاسای بودجە و وادەكات پێكهێنانی حكومەت زیاتر دوابكەوێت”.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دەڵێت، ” بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە دۆسیەی نەوت بۆ ئەمجارە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر یاسای بودجە زۆر قورس دەبێت بۆیە پێویستە هەرێم پێشوەختە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد بكات”.