ئەو كادرەی پارتی كە بەتۆمەتی سوكایەتیكردنی بە مەرجەعی باڵای شیعەكان دەستگیركرابوو، ئازادكرا.
نایف كوردستانی كادری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆتاییەكانی مانگی ئازاری ڕابردوو لە پێگەی خۆیەوە لە تویتەرەوە چەند دەربڕینێكی دەربارەی مەرجەعیەتی شیعەكان بڵاوكردەوە و ئەمەش ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆیەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سفیان ئال سادانی كە وەك برای نایف كوردستانی خۆی ناساندووە ئازادكردنی براكەی ڕاگەیاند.
بەهۆی تویتەكەی نایف گەرگەری ناسراو بە نایف كوردستانی شەوی 27ی ئازاری ڕابردوو لایەنگرانی مەرجەعیەت گەمارۆی بارەگای پارتی-یان لە بەغداد و سوتاندیان، بەر لەوەی پارتی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویبكاتەوە كە نایف كوردستانی هیچ پەیوەندییەكی بەو حزبەوە نییە.