بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی گیانلەدەستدانی لیا-ی تەمەن 10 ساڵ بڵاوکردەوە کە چەند ڕۆژێک بەرلە ئێستا سەگ پەلاماریدا و بەهۆیەوە گیانیلەدەستدا، دادگای سلێمانی خاوەنی ئەو ماڵەی سەگەکانی هەیە بانگهێشت کردووە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، “لە بارەی گیانلەدەستدانی لیا عەلی كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر گیانیلەدەستدا، لە سەرەتای ڕووداوەكەوە لێكۆڵینەوەكان دەسپێكردووە و سەرجەم كامێراكانی چاودێری وەرگیراون و سەیر كراونەتەوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەر ڕووداوەکە بە بڕیاری دادوەر خاوەن ماڵی ڕووداوەكە، بانگهێشتی دادگا كراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵداكراوە، بە سپاردە ئازاد كراوە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بە بڕیاری دادوەر و بە ئامادەبوونی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین و تیمەكانی بەشی بەڵگەی تاوان و پزیشكانی دادوەری، تەرمی كۆچكردوو لە ناو گۆڕەكەی دەرهێنراوەتەوە و لە پزیشكی دادوەریی سلێمانییە، توێكاری بۆ لاشەكەی دەكرێت و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە بەردەوام دەبێت.
باسیلەوەکردووە کە بەشێک لە دەزگای راگەیاندن و میدیایی هەواڵ لە سەر گیانلەدەستدانی لیای 10 ساڵ بڵاودەكەنەوە، بێ گەڕانەوە بۆ لێدوانی پۆلیسی سلێمانی، كە ئەمەش زیان بە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس دەگەیەنێت.