بە زۆمبییەکان و ئۆکرانیاوە و بەبێ خۆپارێزیی کۆرۆنا.. فێستیڤاڵی کان گەڕایەوە

لە فیلمی زۆمبییەوە بۆ چیرۆکی خۆشەویستی و بەڵگەفیلمی سیاسی، پاش دوو ساڵ لە ڕێگرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فێستیڤاڵی سینەمایی کان بە شێوەی ئاسایی خۆی و لە خولی 75ـەمینیدا گەڕایەوە.

لەمساڵەدا فێستیڤاڵەکە بە درەوشانەوەیەکی کەمێک هۆلیودییانەوە دێتەوە و ئەستێرەیەکی وەک تۆم کرووز تێیدا بەشدارە، جگە لەوەی بڕیارە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزیی کۆرۆنا و بەستنی دەمامک لەبەرچاونەگیرێن.

چاوەڕواندەکرێت دیدارەکەی ڕێڤێرای فەرەنسی پڕبێت لە یادکردنەوەی نۆستالژییانەی ڕابردووی سینەما، هاوکاتیش تێیدا پرسیاری هەنووکەیی لەبارەی هەلومەرجی کێشەئامێزی ئەمڕۆی مرۆڤایەتییەوە بخرێتەڕوو، جگە لەوەی سێبەری جەنگی ئۆکرانیا بەسەر کەشی ڕووداوە سینەماییە گەورەکەوە بە ڕوونی دیارە.

وەک پشتگیرییەک لە ئۆکرانیا و جەنگەکەی دژ بە ڕوسیا، بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵەکە بەرهەمهێنەر و ئەکتەرە فەرمییە ڕوسییەکانی دوورخستووەتەوە، جگە لە کیریل سیرینیکۆڤ کە دانیشتووی ئەڵمانیایە.

سیرینیکۆڤ بە فیلمی “هاوسەرەکەی چایکۆڤێسکی” بەشدارە و لە پێشبڕکێدا وەرگیراوە چونکە هیچ پاڵپشتییەکی لەلایەن ڕوسیاوە لێنەکراوە. فیلمەکەی لەبارەی مۆسیقاری بەناوبانگ چایکۆڤێسکییەوەیە، کە بۆ شاردنەوەی هاوڕەگەزخوازییەکەی لەگەڵ کچێکی گەنجدا هاوسەرگیری دەکات.

لەپاڵ جەنگی ئۆکرانیادا، چەند هۆکارێکی دیکەش هەن تا خولی ئەمساڵی کان لەڕووی سیاسییەوە گەرموگوڕ بێت، دیارترینیان بەشداریکردنی ڤینسنت لیندۆن ئەکتەری دیاری فەرەنسییە وەک سەرۆکی لیژنەی سەرەکی، کە بەناوبانگە بە ڕۆڵە سیاسییەکانی و پێشتریش ڕایگەیاندووە، لە فێستیڤاڵەکەدا ئەو فیلمانەیان دەوێت “شتێکمان لەبارەی ئەو جیهانەوە پێدەڵین کە تێیدا بەرهەمهاتوون”.

زۆمبییەکان و سێبەری جەنگ

نیشانەی قورسایی سێبەری جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیایە بەسەر کانەوە، کە میشێل هازاناڤیسیۆس دەرهێنەری فەرەنسی ڕازیبووە ناوی فیلمەکەی لە “Z”ـەوە بگۆڕدرێت بە “Coupez”، تاکو نزیکنەبێتەوە لە هێمای Zـی سەر تانک و چەکەکانی ئەمساڵی ڕوسیا، لە کاتێکدا فیلمەکەی وەک یەکەمین فیلمی پەردەهەڵدانەوەی ڕێوڕەسمەکە هەڵبژێردراوە.

چاوەڕواندەکرێت یەکێک لە هەستیارترین چرکەساتەکانی فێستیڤاڵەکە، بڕگەی نمایشکردنی چەند گرتە ڤیدیۆییەکی مانتاس کوێداراوجۆیوس فیلمسازی لیتوانی بێت لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە، بەر لە کوژرانی لە ماریۆپۆڵ.

ژنان و ئەستێرە سینەماییەکان

لەمساڵدا پێنج فیلمی دەرهێندراو لەلایەن ژنانەوە لە پێشبڕکێی چڵەخورمای کان-دان و گەرچی لە ڕووی هاوسەنگیی جێندەرییەوە لە بەشداریکردنی ژناندا وەک ڕیکۆردێک ئەژمار دەکرێت، بەڵام هێشتا ڕێژەیەکی نزمە بەراورد بە فێستیڤاڵە جیهانییەکانی دیکە.

هەروەها بەراورد بە ساڵانی پێشوو، لەمساڵدا فێستیڤاڵەکە ئامادەگییەکی زیاتری “هۆلیودییەکان” لەخۆدەگرێت، بۆ نمونە بەشی دواتری فیلمی “تۆپ گەن” لە دەرهێنانی جۆزێف کۆسینسکی و نواندنی تۆم کرووز، لە هەمان ڕۆڵدا کە 36 ساڵ لەمەوپێش لەڕێیەوە بووە ئەستێرەیەکی جیهانی.

هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لەمساڵدا هیندستان بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت، بەوپێیەی وەک “میوانی شەرەف” هەڵبژێردراوە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەرەبیش لەبەرچاوانن، لەڕێی فیلمیکی نوێی تاریق عەلییەوە کە لە شاری قاهیرە وێنەیگیراوە، هەروەها لەڕێی بەشداریی هەریەک لە سەعید ڕوستایی و عەلی عەباسی لە ئێرانەوە.

لە نێوان ڕەخنە و ستایشی ئاشقانی هونەردا

فێستیڤاڵی فیلمی کان لە ساڵی 1946ـەوە سەرپێخراوە و لە شاری کان-ی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، جێگەی سەرنج و چاوەڕوانیی گەورەی زۆرێک لەو بینەرانەی سینەمایە کە ئاشقی هونەرن و بڕوایان بە جۆرە بەرهەمهێنانێکی باڵای سینەماییە، بەرهەمهێنانێک تەنیا لەپێناو کاتبەسەربردن و بازرگانیدا نەبێت.

بەڵام یەکێک لە سکاڵا بەرچاوەکانی جەماوەری کان و ئاشقانی سینەمای هونەری و داهێنەرانە، چەند جارێک دوورخستنەوەی لارس ڤۆن تریێر دەرهێنەری بەناوبانگی فەرەنسییە لە فێستیڤاڵەکە، بەهۆی هەڵوێست و قسە “قبووڵنەکراوەکانیەوە”.

ڤۆن تریێر جگە لە خەڵاتە سینەماییەکان و فێستیڤاڵەکانی دیکەی فیلم، تەنیا لە کاندا توانیویەتی 14 جار خەڵات بەدەستبهێنێت، بەهۆی شێوازە سینەماییە هەم فەلسەفی و هەم داستانییەکەیەوە.

بەڵام دەستەی بەڕێوەبەرێتیی کان بڕیاریداوە تا ماوەیەک مافی بەژداریکردنی فێستیڤاڵەکەی لێبسەنێتەوە، بەو بیانووەوە کە لە یەکێک لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەکانیدا “هاوپشتیی بۆ نازییەکان دەربڕیوە”.

بابەتی پێشتر

حەوت زانیاریی نەبیستراو

بابەتی دواتر

دەربەندیخان ئاو دەگەیەنێت بە حەمرین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share