حەمیدە، لە نەخوێندەوارییەوە بۆ خوێنەرێك كە دەیان ساڵە هاوڕێی كتێبە

حەمیدە محەمەد سلێمان ژنێكی دانیشتووی دەربەندیخانە، ساڵی 1956 لە گوندی شمشێر كوڵی بناری بەمۆ لەدایكبووە و وەك خۆی دەڵێت، لە منداڵییەوە حەزی زانین و فێربوون و خوێندنەوەی هەبووە، بەڵام دەرفەت نەبووە بخوێنێت.

باخان كچی حەمیدەیە و لە بەریتانیا دەژی، قسەی بۆ “ئێستا” كرد و وتی، دایكی دوای هاوسەرگیریكردن بەشداریی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواریی كردووە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی بە ماڵ و منداڵەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات و حەزی فێربوون لە ئەندێشەیدا ماوەتەوە، ساڵی 1979 بە باشی فێری خوێندنەوە و نووسین بووە، لەوێوە دەستیكردووە بە خوێندنەوە و بەدەستخستنی كتێب و لە شیعر و ئەدەبەوە دەستیپێكردووە و یەكەم كتێبیش كە خوێندوویەتییەوە، دیوانی قانع بووە، پاشان ڕۆمانەكانی ئەو سەردەمەی خوێندووەتەوە و دواتر ئاراستەی خوێندنەوەی گۆڕیوە بەرەو كتێبی ئایینی و عيرفانى.

لە كۆڕەوەكەی بەهاری ساڵی 1991دا، بەشێكی زۆر لە كتێبەكانی حەمیدە فەوتاون، بەڵام سەرباری سەختیی بارودۆخەكە، هەندێك كتێبی لە فەوتان پاراستووە و لای خۆی هەڵیگرتوون.

باخان دەڵێت، “لەگەڵ ئەوەی ماڵمان لە گوند بوو، هەمیشە لە ماڵەوە كتێبخانەمان هەبووە و خزم و دۆست كتێبیان لای دایكم دەخواست، بەڵام بە دیاریكراوی نازانین تا ئێستا دایكم چەند كتێبی خوێندووەتەوە و هەمیشەش لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وتوویەتی، بۆ چێژوەرگرتن و زانین دەخوێنێتەوە و تەنانەت بەشێك لەو كتێبانەی بیرنەماوە كە سەردەمانێكی دووری پێش ئێستا خوێندوونیەتییەوە”.

بەپێی وتەی باخان، خوێندنەوە ڕەنگدانەوەی دیاری لە كەسێتیی دایكیدا هەبووە، نە دووچاری فشاری دەروونیی كردووە، نە بووەتە بەربەستێك لە نێوان ئەو و دەوروبەرەكەیدا بە جۆرێك كە كەسانی تر بە ناهۆشیار وێنابكات. خوێندنەوە تەنانەت لە پەروەردەكردنی منداڵەكانیدا كاریگەریی هەبووە، چونكە سەرباری لەدەستدانی هاوسەرەكەی، بە میهرەبانییەوە 10 منداڵەكەی پەروەردەكردووە و هاوڕێ لەگەڵ كتێبدا، ئەركەكانی ژیانی ڕاپەڕاندووە.

جگە لە دونیای خوێندنەوە و كتێبەكان، حەمیدە كەمەندكێشی هونەر بووە. باخان دەڵێت، “بە منداڵی كە لەگەڵ دایكمدا دەچووین بۆ ناو باخ، دایكم بە قامیش جووزەلەی دروستدەكرد و دەیژەنی و ئاوازی خۆشی لێوە دەردەهێنا”.

بابەتی پێشتر

دوکانێکی مۆبایل لە سلێمانی بڕدرا

بابەتی دواتر

بریندارێکی تری ڕووداوی هاتوچۆکەی خەلەکان گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share