پرسی كورد ڕێگری بە ئەندامبوونی سوید و فنلەندایە لە ناتۆدا

سوید و فنلەندا داواكارییەكی توركیا سەبارەت بە كورد ڕەتدەكانەوە

لەكاتێكدا نیازی هەریەك لە وڵاتانی سوید و فنلەندا بۆ چوونەپاڵ هاوپەیمانیی ناتۆ لەئارادایە، وەزیری دەرەوەی سوید گەیشتنە ڕێككەوتنێكی پەیوەندیدار بە پرسی كورد وەك یەكێك لە بەربەستەكانی ئەندامبوونەكە ناودەبات.

لەدوای پەرەسەندنی بارگرژییەكانی سنوورەكانی ئەوروپا و درێژەكێشانی شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، هەوڵەكان لەلایەن هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپی بۆ بەرفراوانكردنی هاوپەیمانێتییەكە هاتنەئاراوە.

لەو چێوەیەدا بەمدواییە پێشبینییەكان دەربارەی داواكاریی چوونەپاڵ ناتۆ لەلایەن هەریەك لە وڵاتانی فنلەندا و سوید زیادیانكردووە.

لە نوێترین هەڵوێستدا ئەمڕۆ حكومەتی فنلەندا بە ڕەسمی بەڵگەنامەكی پەسەندكرد دەربارەی سووربوون لەسەر پێشكەشكردنی داواكاری بوونە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆدا.

حكومەتی فنلەندا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ساولی نینیستۆ-ی سەرۆك كۆمار و لیژنەی وەزاریی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش ڕاپۆرتی فەرمی پەیوەندیدار بە بوونە ئەندامییەكەیان ئامادەكردووە.

بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڵگەنامەكە بخرێتە بەردەم حكومەت، پاش پەسەندكردنیشی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی فنلەندا بكرێت.

سوید-یش ئەگەرچی ئەو هەنگاوانەی بە فەرمی دەستپێنەكردووە، بەڵام بەرپرسێكی باڵای ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی و فنلەندا تائێستا لەگەڵ توركیا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن دەربارەی ئەگەری ئەندامێتییان لە ناتۆ، ڕێككەوتنەكەش پەیوەندیدارە بە پرسی كوردەوە.

ئان لیندی وەزیری دەرەوەی سوید دەربارەی كۆبوونەوەی خۆی و بیكا خاڤیستۆ-ی هاوتا فنلەندییەكەی لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغلۆ-ی هاوتا توركییەكەیان لە پەراوێزی دیداری نافەرمی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ وتی، “هەڵوێستی جیاوازمان هەیە، بەڵام لەوە تێگەیشتین كە پارتی كرێكارانی كوردستان بە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی ناوببەین”.

لەگەڵ ئەوەشدا وتی، “وەك زۆرێك لە هاوبەشەكانمان لە هاوپەیمانیی ناتۆ وتوێژ لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی دیكە دەكەین، لەكاتێكدا توركیا پێیوایە كوردانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەر بە هەمان ڕێكخراون، ئێمە باوەڕمان بەوە نییە، ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەوانی دیكەش هەروا”.

ڕوونیشیكردەوە، “دیپلۆماتكاران لەبارەی ئەو پرسەوە درێژە بە گفتوگۆكان دەدەن”.

هەر لەو نێوەندەدا هەینی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، “هەڵەیە” گەر ڕێگەبدرێت سوید و فینلەندا بچنە ناو هاوپەیمانیی ناتۆوە.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس ئەردۆغان پێیوانییە ئەندامبوونی ئەو وڵاتانە سوودبەخش بێت بۆ تورکیا و دەڵێت، “وڵاتانی ئەسكەندەناڤی لانەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن”.

داواكاری سوید یان فنلەندا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ دەبێت لەلایەن تورکیاوە پەسەندبکرێت، کە یەکێكە لە 30 وڵاتەكەی ئەندامی هاوپەیمانێتییەكە.

توركیاش مەرجی بە تیرۆرست ناوبردنی پەكەكە و مامەڵەنەكردن و دانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) وەك بەشێك لە پەكەكەی بۆ ئەو وڵاتانە هەیە.

ئەو ویستە بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن مەولود چاوش ئۆغلۆ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا سویدی و فنلەندییەكانی دووپاتكرایەوە كاتێك وتی، “زۆرینەی توركەكان ناڕازین بەرامبەر بەئەندامبوونی هەردوو وڵات لە ناتۆ و داوا لە ئەنقەرە دەكەن ڕێگرییان لێبكات”.

بەڵام توركیا دەیەوێت ئەو پرسە لەگەڵ هاوبەشەكانی لە ناتۆ، بەهەمان شێوە لەگەڵ هێلسنكی و ستۆكهۆڵم تاوتوێبكات، وەك ئەوەی ئۆغلۆ وتی.

ویستی فنلەندا و سوید بۆ چوونەپاڵ ناتۆ، لەپاش شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیاوە دێت كە لە 24ی شوباتی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە، لە دەرەوەی ناتۆ-ش ڕوسیا یەكێكە لە ناڕازییەكان، بەمەش ڕێگرییەكە تەنها پرسی كورد نییە.

كرملین بەتوندی ناڕەزایی بەرامبەر بەهەر هەوڵێكی لەو جۆرە هەیە، هۆشداریدا لەوەی لە حاڵەتێكی لەو جۆرەدا “ناچاردەبێت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی وەڵامدانەوەی تەكنیكی-سەربازی و هی دیكە”.

لەو چێوەیەدا دوێنێ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا ئەو پرسەی بە تەلەفۆن لەگەڵ ساولی نینیستۆ-ی هاوتا فنلەندییەكەی ئەنجامدا و هۆشداریدا لەوەی وازهێنانی هێلسنكی لە بێلایەنیی سەربازی هەڵەیە، هەروەك هیچ مەترسییەك لەسەر فنلەندا نابێت لەلایەن ڕوسیاوە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێكی كرملین-دا هاتووە.

بابەتی پێشتر

لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراو و بریندار هەیە

بابەتی دواتر

گۆڕان حەوت پۆستی نوێ وەردەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆمەوە حکومەتی هەرێم نووسراوێک ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکات

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، “حکومەت نووسراوێكی رەسمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكات سەبارەت بە…
Total
0
Share