لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تایمز-ی بەریتانیدا هاتووە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێنی هەیە و بەر لە دەرکردنی بڕیاری هێرشکردن بۆ سەر ئۆکرانیا، بەو هۆیەوە نەشتەرگەریی کردووە.
پێشتریش یەکێک لە سەرمایەدارە ڕوسییە نزیکەکان لە پوتینەوە، لە گفتوگۆیەکی تۆمارکراودا لەگەڵ وەبەرهێنەرێکی خۆرئاوایی، سکاڵای کردووە لەوەی سەرۆک “شێت بووە” و “هەموو ئاواتخوازی مردنین”.
تایمز لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێداوە، لە چەندین ڕێککەوت و بۆنەدا پوتین ڕێکوپێک نەڕۆیشتووە و شەلیوە، جگە لەوەی لە چەند کۆبوونەوەیەکدا دەستی بە قەراغی مێزێکەوە گرتووە، تاکو بتوانێت هەڵسێتەوە.
لە بۆنەی “ڕۆژی سەرکەوتن”یشدا، پوتین لە کاروانی ئاهەنگگێڕاندا بەتانییەکی ئەستووری پێدادراوە و ئەمەش هێندەی تر گومانی ورووژاندووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەداوە، سەرۆکەکەی ڕوسیا بۆ هەموو شوێنیک 3 پزیشکی لەگەڵدایە، یەکێکیشیان پزیشکێکی لێهاتووی بواری شێرپەنجەیە.
هەندێک لە شارەزایان ئاوسانی ڕوخساری پوتینیان بەوە لێکداوەتەوە، لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەند دەرمانێکدا بووبێت بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە.
هەروەها لە بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەی “پرۆیکێت”دا باس لە خووی پوتین کراوە بۆ خۆشۆردن بە خوێن و گیراوەی شاخی گاکێوی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە قسەکردن لەبارەی تەندروستی و ژیانی سەرۆکەکەی ڕوسیاوە تا ڕادەیەک قەدەغەیە و پەردەپۆش دەکرێت، سەرباری ئەوەی چەند دامەزراوە و پێگەیەک بە فەرمی نووسراویان بۆ هاتووە، تاکو خۆیان لەو بابەتە نەدەن.