حكومەتی عێراق پرسی بە بیابانبوون و كاریگەری گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا تاوتوێدەكات و بڕیاریدا بە بڕی سێ ملیار دینار پاڵپشتیی پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون بكات.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و كازمی ڕایگەیاند، بڕیاردراوە پەڕەی سەوز ئامادەبکرێت بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی نوێ و کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان.
لە كۆبوونەوەكەدا بە میوانداری ڕاسپێردراو بە بەڕێوەبردنی وەزارەتی ژینگە و كادیرە پێشكەوتووەكانی هەردوو وەزارەتی ژینگە و كشتوكاڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا لەسەر وڵات و هەنگاوە حكومییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون تاوتوێكرا و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڕی سێ ملیار دینار بدرێتە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی جێگیركردنی گردە خۆڵینەكان و سەوزكردنیان.
كازمی لە كۆبوونەوەكەدا ڕێنوێنی كرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سنووردانان بۆ كاریگەرییەكانی ئاووهەوا كە بەڕوونی لە شەپۆلەكانی خۆڵباریندا دەركەوتوون و كاریگەریی تەندروستی، ژینگەیی و ئابورییان هەیە.
لەلایەكی دیكەوە سەبارەت بە بڵاوبونەوەی پەتای خوێنبەربوون ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرەڕای تاوتوێكردنی پرسەكە چەند بڕیار و ڕێوشوێنێكی دەركرد.