هەپەگە كوژرانی 13 سەربازی دیكەی توركیای لە ناوچەكانی زاپ، ئاڤاشین و خواکورک ڕاگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە،لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، گەریلاکانیان، لە ناوچەی ئاڤاشین چالاکییان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا سێ سەرباز كوژراون و یەكێكی دیكەش برینداربووە.
هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕۆژی هەشتی ئایاردا لە ناوچەی زاپ بەلایەنی کەمەوە 10 سەربازی سوپای تورک کوژراون و گورزیان لە درۆنێکی سوپای تورکیاش داوە کە بەسەر ناوچەکەدا گەڕاوە و سەنگەرێکی سوپای تورکیاش بەتەواوەتیی تێکشکێندراوە.
هەپەگە ئاشكراشیكردووە، گەریلاکانی یەژاستار دوێنێ لە خواکورک بە چەکی قورس چالاکییان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و ئەو ئامانجەی دیارییانکردبوو، پێکاویانە.
ڕوونیشیكردووەتەوە، ڕۆژانی حەوت و هەشتی ئەم مانگە سوپای تورکیا 18جار سنووری زاپی بۆردوومان و تۆپبارانکردووە، هاوکات ناوچەکانی ئاڤاشین و مەتیناش دووجار بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومان کراون.