گروپی حەوت هاوردەكردنی نەوتی ڕوسیای قەدەغەكرد

كۆمەڵەی وڵاتانی حەوت G7 بڕیاریاندا هاوردەكردنی نەوت لە ڕوسیاوە قەدەغەبكەن، ئەمریكاش سزای بەسەر چەند بەرپرسێكی كۆمپانیای گازپرۆم و ژمارەیەك كەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ڕوسیدا سەپاند.

شەوی ڕابردوو سەرۆكی وڵاتانی G7 كۆبوونەوە و لەبارەی ڕوسیاوە چەند بڕیارێكیان دەركرد، ئەوەش وەكو فشاری زیاتر بۆسەر مۆسكۆ و كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی بۆسەر ئۆكرانیا، ئەمە جگە لە یارمەتیدانی زیاتری ئۆكرانیا. ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیاش بەشداریی كۆبوونەوەكەی كرد.

دوای كۆبوونەوەكە، وڵاتانی كۆمەڵەی حەوت ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، دەڵێن، “پابەندین بە کەمکردنەوەی پشتبەستنمان بە وزەی ڕوسیاوە، ئەوەش لەڕێی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕوسی”.

G7 دووپاتیكردووەتەوە كە چاودێریی جێبەجێكردنی بڕیاری بایكۆتكردنی نەوتی ڕوسیا دەكەن بەشێوەیەكی ڕێكخراو و گونجاو، دڵنیاییشی دا لە كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكانیاندا بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی وزە و دەستخستنی بە نرخێکی گونجاو.

هاوکات ئەمریکا سەپاندنی سزای بەسەر سێ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ڕوسیدا سەپاند، هەروەها لەسەر ئەمریکییەکانی قەدەغەکرد خزمەتگوزاریی ژمێریای و ڕاوێژکردن بدەن بە ڕوسییەکان، هەروەها کۆتوبەندی خستەسەر ڤیزای دوو هەزار و 600 بەرپرسی ڕوسیا و بێلاڕووسیا.

سزاکان بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری بانکی گازپڕۆمی ڕوسی دەگرنەوە، کە گەورەترین کۆمپانیای هەناردەکردنی گازی ڕوسییە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، “ئەمە قەدەغەكردنی تەواوەتی نیە، سەرمایەکانی بانکی گازپڕۆم سڕ ناکەین، یاخود مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکەدا قەدەغە ناکەین، تەنها ئاماژەیەك دەدەین بەوەی کە گازپڕۆم پەناگەیەکی پارێزراو نییە، بۆیە سزا بەسەر کۆمەڵێک بەڕێووبەری باڵایاندا دەسەپێنین”.

بابەتی پێشتر

باڵیۆزی نوێی ئێران لە عێراق دەستبەكاربوو

بابەتی دواتر

نرخی نەوت بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share