حكومەتی عێراق چەندین جۆری چەكی قورس لە ئەمریكا و فەرەنسا دەكڕێت.
وەزارەتی بەرگریی عێراق گرێبەستی لەگەڵ ئەمریكا و فەرەنسادا كردووە بۆ كڕینی چەندین جۆری چەكی قورس لەوانە تۆپ و دەڵێت، “تۆپ لە تفەنگ و فڕۆكە گرنگترە بۆ عێراق”.
عەبد عەرداوی فەرماندەی هێزی تۆپهاوێژ لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، چەندین جۆری چەكی پێشكەوتوو لە ئەمریكا و فەرەنسا دەكڕن و گرنگیی زیاتر بە تۆپ دەدەن، چونكە سوودی زۆری بە عێراق گەیاندووە.
بەپێی وتەی عەرداوی، لە هەموو شەڕەكان لەگەڵ داعش-دا، تۆپ كاریگەریی گەورەی هەبووە، بۆیە تۆپی لوولەدرێژی دوورهاوێژ دەكڕن بۆ ئەوەی توانای پێكانی دوژمنی لە دوورەوە هەبێت، چونكە لە شەڕەكاندا دەركەوتووە “تۆپ لە تفەنگ و فڕۆكە گرنگترە بۆ عێراق”.