تورکیا سییەکانی عەفرین ‘دەدزێت’

کاتێک تورکیا کانتۆنی عەفرینی داگیرکرد تەنها دانیشتوانەکەی ئاوارە نەبوون، بەڵکو نزیکەی 18 ملیۆن درەختی زەیتون کەوتنەبەر لێکەوتەکانی جەنگ و بڕانەوە و بەشێکیان هەڵکەندراون و ڕەوانەی تورکیا کراون.

لەدوای داگیرکردنی عەفرین دوو ساڵ پێش ئێستا تورکیا سەرەڕای بردنی بەرهەمی زەیتونی دوو ساڵی ڕابردوو چەندین درەختی زەیتونی دەیان ساڵەی لە خاکی عەفرین جیاکردوەتەوە و بردوویەتی بۆناو خاکی وڵاتەکەی.

لە شاری عەفرین لەسەر ڕووبەری 142هەزار هێكتار زەوی، زیاتر لە 18 ملیۆن دار زەیتون هەیە، هۆكاری زۆربوونی ئەو ڕێژەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە خاك و كەشوهەوای عەفرین بۆ بەخێوكردنی زەیتون زۆر گونجاوە، بۆیە دانیشتوانەكەی گرنگیەكی زۆر بە بەخێوكردنی ئەم دارە دەدەن و توانیویانە ساڵانە نزیكەی 270 هەزار تۆن زەیتون بەرهەم بهێنن.

مانگێک پێش ئێستا  ڕۆژنامەی زەمانی تورکی ئاشکرایکرد کە “تورکیا بەرهەمی ڕۆنی زەیتونی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بووە و تەنها لە ساڵێکدا 90هەزار تۆن ڕۆنی زەیتونی هەناردەی ئەمریکا کردووە”، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە بە بەراورد بەو ساڵانەی کە تورکیا کانتۆنی عەفرینی داگیر نەکردبوو زۆر زیاترە.

پێش داگیركردنی ئەو شارە 250 كارگەی دروستكردنی زەیتی زەیتون بوونیان هەبوو، هاوكات 18   كۆمپانیای دیكەش بۆ بەرهەمهێنانی پاشماوەكانی دیكەی زەیتون هەبوون، كە لە پاشماوەی زەیتون (پەین و تەختە و بەكارهێنانی وەك سوتەمەنی)یان بەرهەمدەهێنا،ئەم ڕێژە زۆرەی زەیتون بۆتە هۆی ئەوەی كە 70%ی داهاتی دانیشتوانی ئەو شارەی پێکدەهێنا.

لە تازەترین کاردانەوەدا ئاژانسی سانای زمانحاڵی سوریا بڵاویکردوەتەوە کە تورکیا و ئەو چەکدارانەی هاوکاری دەکەن، بەردەوامن لە گواستنەوەی درەختی زەیتون و بەرهەمی زەیتون لە عەفرین و باکوری حەلەبەوە و ئاژانسەکە ئەم پرسەی بە “دزینی زەیتونی عەفرین” ناوهێناوە.

لە ساڵی 2018 وە لەناوبردن و گواستنەوەی زەیتونی عەفرین لەلایەن تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی نزیکییەوە دەستیپێکردووە و بە بیناوی دروستکردنی ڕێگا دەیان درەختی زەیتون گواستراونەتەوە بۆ تورکیا.

بابەتی پێشتر

ئیندیپێندت: ژنانی چالاكوان لە بەندینخانەكانی سعودییەدا دەستدرێژی سێكسییان كراوەتەسەر

بابەتی دواتر

لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ لە عێراق بەردەوامە و هۆشداری دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share