بافڵ تاڵەبانی: دژی یاساشکێنی دەوەستینەوە و پاراستنی موڵکی گشتی بە ئەرکی خۆمانی دەزانین

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە هەمووشێوەیەک دژی یاساشکێنی دەوەستنەوە و پاراستنی موڵکی گشتی و سیمای سلێمانی بەئەرکی خۆیانی دەزانن، دەشڵێت، ھاوکار و پشتیوانی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت دەبن بۆ ڕێگریکردن لەو دیاردەیە و یەکێتی بەرامبەر ئەو کارە نایاساییانە بێدەنگ نابێت.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕەوی سلێمانی کۆبووەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی و ھاوکاری تەواوی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ ڕێگریکردن لە زیادەڕەوی و بەرەنگاربوونەوەی ھەر ھەوڵێک کە ھەر کەس و لایەنێک دەستدرێژی بکاتە سەر موڵک و ماڵی گشتی و ڕایگەیاند، “بەتوندی ڕوبەڕووی هەرکەس و لایەنێک دەبینەوە کە لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و تایبەت دەستدرێژی بکەنە سەر موڵک و ماڵی گشتی”.

ھاوسەرۆکی یەكێتی رٍونیشیکردەوە، “بە هەمووشێوەیەک دژی یاساشکێنی دەوەستینەوە و پاراستنی موڵکی گشتی و سیمای سلێمانی بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، ھاوکار و پشتیوانی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت دەبین، بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە و یەکێتی بەرامبەر ئەم کارە نایاساییانە بێدەنگ نابێت.”

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆئەوەکرد، “سەرۆکایەتی یەکێتی دژی ھەر مەرامێک دەوەستێتەوە کە بیەوێت یاسا و دادگاکانمان بخاتە ژێرپرسیارەوە و جەختی لەوە کردەوە ھیچ کەس و گروپێک لەسەروو یاساوە نین، بۆ ئەوەش ھەموو ھاوکاری و پشتیوانییەکی یەکێتی لەپێناو پاراستنی موڵکی گشتی دەربڕی”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەوە دەستیپێکرد

کەمێک لەمەوبەر، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە دەستیپێکرد. چاوەڕواندەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری کۆتایی لەبارەی…
Total
0
Share