موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بانگخوازێكی سەر بە ڕەوتەكەی سڕكرد و دەڵێت، ڕێگەی پێنادەین بچێتەوەسەر مینبەر.
لە نووسراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە دەریچوواندووە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر بڕیاری سڕكردنی چالاكییەكانی بانگخوازێكی سەر بە ڕەوتەكەی دا و ڕایگەیاند، “بەهۆی پێشێلكارییەكانی شێخ محەمەد عامری و ئەو بۆچوون و ناوەڕۆكانەی باسیاندەكات كە لە دەرەوەی نەریت و چێوەی مینبەری حوسێنین و بوونەتەهۆی شێواندنی ڕای گشتی، بڕیارماندا بە سڕكردنی ناوبراو لە هەر جۆرە چالاكییەكی كۆمەڵایەتی و تا كاتێكی نادیار ڕێگەی پێنادرێت بچێتەسەر مینبەر”.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر بڕیاریشیدا گشت پەڕەكانی عامری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دابخرێن.
محەمەد عامری بەوە ناسراوە كە لە وتارە ئایینییەكانیدا ڕەخنە لە بەشێك لە گروپە شیعییەكان دەگرێت و بە پاشكۆی ئێران ناوزەدیان دەكات و لە وتارێكیشیدا ڕژێمی خومەینی بە “سەرخۆش” ناودەبات و دەڵێت، بەشێك لە لایەنە عێراقییەكان جگە لە كوشتار و تەقاندنەوە و برسیكردن هیچیان بۆ گەل پێنییە.