“دەسەڵات بدرێت بە خوێندنی باڵا دەرماڵەی خوێندكاران خەرجدەكرێتەوە”‏

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی ‏دەسەڵاتی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی لایە، لە ساڵی ‏‏2019وە داوای گەڕاندنەوەی لێدەکرێت، بەڵام وەڵامی نەبووە، پێشی وایە دەسەڵاتی ‏خەرجكردن بدرێتە خوێندنی باڵا، دەتوانێت دەرماڵە خەرجبكاتەوە.‏

شەمۆل ئاشین ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان لە ‏لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “لەدوای دەستبەکاربوونی لیژنەکەمان لە ‏پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری 8/10/2019 داوامان لە وەزارەتی دارایی کرد ‏دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بگەڕێنرێتەوە و هۆکاری بڕینی ئەو ‏دەرماڵەیە ڕوونبکاتەوە، بەڵام تا ئێستاش وەڵامی ئەو داواکارییەمان نەدراوەتەوە”.‏

پەرلەمانتارەكە جەختیکردەوە، نووسراوی وەزارەتی دارایی سەبارەت بەوەی لە ساڵی ‏‏2021دا داواکارییان بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران ئاراستەنەکراوە، “بەداخەوە ‏ڕاست نییە”، بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەوان وەک لیژنەی پەیوەندیدار بەدواداچوونیان ‏کردووە بۆ خەرجکردنی دەرماڵەکە و لەمساڵدا، جگە لەوەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی ‏باڵا داواکارییان ئاراستەکردووە، بەهەمانشێوە وەزارەتی خوێندنی باڵاش ئەو داواکارییەی ‏پێشکەشکردووە. ‏

باسی لەوەشکرد، “دەسەڵاتی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران لای وەزارەتی داراییە، ‏ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بدرێتەوە بە وەزیری خوێندنی باڵا، دەتوانێت بە داهاتی وەزارەتەکەی ‏ئەو دەرماڵەیە دابینبکات”.‏

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، شەمۆل ئاشین وتی، ئەمڕۆ ‏پەرلەمان لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای ڕاسپارد بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە و ‏جەختکراوەتەوە لە پاڵپشتیی تەواوی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران.

‏پێشتریش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نووسراوێکی بڵاوکردەوە، کە ‏ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی ‏خوێندکاران، بەپێی نووسراوەکە، كە بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە، بڕی پارەی ساڵانەی ‏پێویست بۆ دەرماڵە و یارمەتییەكانی دیكەی زیاتر لە 134 هەزار خوێندکاری زانکۆ و ‏پەیمانگاکان، 35 ملیار دیناری پێویستە.‏

بابەتی پێشتر

ڕێواز فایەق: حكومەت گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بكاتە بڕیار

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share