وەزارەتی كارەبای عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ ئێران لەبارەی دابینكردنی غازەوە ڕێككەوتوون و گەیشتوون بە چارەسەری گونجاو.
ڕاگەیەندراوێك كە وەزارەتی كارەبا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە دەڵێت، “عادل كەریم وەزیری كارەبا لەگەڵ جەواد ئۆجی وەزیری نەوتی ئێراندا كۆبووەتەوە و پەرەپێدانی وزە و دابینكردنی غاز بۆ وەزارەتی كارەبای عێراقیان تاوتوێكردووە”.
لە ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی زۆربوونی خواست لە ناوخۆی ئێراندا لەسەر غازی سروشتی، بڕی غازی هاوردەكراو لەو وڵاتەوە بۆ عێراق كەمیكرد و ئەوەش كەرتی كارەبای دووچاری گرفت كرد و وزەی بەرهەمهێنراو كەمبووەوە، چونكە بەشێك لە وێستگەكانی كارەبای عێراق بە غاز كاردەكەن.
وەزارەتی كارەبا جەختدەكاتەوە كە وەزیرەكەی سەردانی تارانی كردووە و لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێراندا ڕێككەوتوون بۆ هاوینی ئەمساڵ ئێران غازی پێویست بۆ عێراق دابینبكات و بەشێك لە گرفتی كەمیی كارەبا چارەسەر دەكرێت.