سبەینێ پێنجشەممە كاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی دیداری یەكێتی بە بەشداریی مەكتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی دیكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری سلێمانی و چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت.
دیداری یەكێتی بانگەوازێكی هەڤاڵانە و نیشتمانییانەیە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئێستای یەكێتی و ناسنامەكەی، بۆ نوێكردنەوەی وتاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانییەتی، بۆ ئەوەی بە دیدگایەكی نوێوە ئامادەبێت ئەركەكانی سەرشانی جێبەجێبكات و سەرەنجام باشتر خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك و خاكی كوردستان بكات، بۆ سبەینێیەكی باشتر كوردستانێكی ئاوەدان بۆ هەمووان، بەبێ جیاوازی، فەراهەمبكات.
لەم چواچێوەیەدا دیداری یەكێتی، دەیەوێت چەندین تەوەری جێی بایەخی ئێستا و ئایندەی حزب و پێداویستی و كێشە و پێشهاتەكانی كۆمەڵگەكەمان، ئەزموونی سیاسیی گەلەكەمان تاوتوێبكات، چونكە پێشهات و گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە و سەردەم لە ئاستی كوردستان و دەرەوەشدا ئەم هەوڵ و كۆششە نوێیە دەخوازێت، پێویستمان بەوەیە لەهەموو سێكتەرەكاندا، دیدی نوێ و دەستپێشخەريی یەكێتییانە بێنینە كایەوە.
لەماوەی ڕابردوودا دیداری یەكێتی كە لە بادینانەوە دەستیپێكرد، لە كەركوك و هەولێر و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و بەغداد بەڕێوەچوو.