ئەو كەسایەتییەی 10 وڵات لەسەری هاتنەدەنگ توركیا بە زیندانی هەتاهەتایی سزایدا

عوسمان كاڤالا

دادگای توركیا سزای زیندانی هەتاهەتایی دەرهەق بە عوسمان كاڤالا-ی كەسایەتیی ئۆپۆزسیۆن دا سەپاند بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ هەڵگەڕاندنەوەی سیستمی حوكم لە ئیستانبوڵ.

لە وتەیەكیدا بەرامبەر بڕیارەكە كاڤالا وتی، “ئەو سزا قورسەی بەسەریدا سەپێندراوە تیرۆركردنیەتی، بە هۆكاری یاسایی یان هەڵەی یاسایی شیناكرێتەوە، تەنها ئەوەیە لەڕێی دادگاوە جێبەجێ دەكرێت”.

كاڤالا ماوەی چوار ساڵ و نیوە دەستگیركراوە، دەستگیركردنەكەی بەبێ دادگاییكردن بووەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان ئەنقەرە و وڵاتانی ڕۆژئاوا.

دۆسیەكەی كاڤالا، كە بە كارە خێرخوازییەكانی ناسراوە و لە پاریس لەدایكبووە، باڵی بەسەر پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هاوپەیمانەكانیدا كێشا لەوەتەی دەستگیركراوە لە تشرینی یەكەمی 2017ەوە.

چالاكوانە تەمەن 64 ساڵەكە وەك سەرمایەدارێك بەوە ناسراوە كە بەشێك لە سامانەكە بۆ پشتیوانیكردنی پڕۆژە ڕۆشنبیرییەكان و هیتر بەكارهێناوە.

بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە هاوشێوەی سیخورە چەپەكەی جۆرج سورۆس-ی ملیاردێری ئەمریكی و لەدایكبووی هەنگاریا ناویبرد، كە بە بەكارهێنانی پارەی بیانی بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵات تۆمەتباركرا.

سەرەتا بە پاڵپشتیكردنی دارایی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2013 تۆمەتباركرا، كە هەندێك لە شارەزایان پێیانوایە بەهۆی ویستە سەركوتكارییەكانی ئەردۆغان-ەوە سەریانهەڵدا.

دادگا بە بێتاوان لەو تۆمەتە ناویبرد و لە شوباتی 2020 ئازادیكرد، بەڵام پۆلیس ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەكە دەستبەسەریكرد.

دواتر دادگایەكی دیكە بە تێوەگلان لە هەوڵی كودەتاكەی 2016 تۆمەتباریكرد، ئەو كودەتایەی بووە بیانووی هەڵمەتێكی ئەمنی كە چەندین ساڵی خایاند، لەمیانەیدا دەیان هەزار كەس زیندانیكران، یاخود لە ئەركە وەزیفییەكانیان دەركران.

شێوازی مامەڵەكەی بووە هاندەری ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێكی سزادانی دەگمەن كە ڕەنگە لە كۆتاییدا ببێتەهۆی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی توركیا لە كۆمەڵە مافدۆستە گەورەكەی كیشوەرەكە.

لە تشرینی یەكەمی ڕابردوو باڵیۆزانی (ئەمریكا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، كەنەدا، فینلەندا، دانیمارك، هۆڵەندا، نەرویج، نیوزلەندا و سوید)، لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا داوایان لە توركیا كرد عوسمان كاڤالا ئازادبكات.

ڕۆژی دواتر وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەو 10 باڵیۆزەی بانگكرد و ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڵوێستەیان دەربڕی و پێیڕاگەیاندن كە “ئەو كارە مایەی قبوڵكردن نییە”.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا خواردنەکەیان ماددەی هۆشبەری تێدابووە و هەرای ناوەتەوە

بابەتی دواتر

شوانكارێكی كورد ڕفێندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share