وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕەتیدەكاتەوە هیچ ڕێكکەوتنێک یان بنچینەیەکی یاساییان لەگەڵ تورکیا هەبێت، کە ڕێگە بەو وڵاتە بدات دەستوەردان لە خاكی عێراقدا بکات.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەزیری دەرەوە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا وتوویەتی، “ئەوانەی باس لە ڕێككەوتنی نێوان عێراق و توركیا دەكەن بۆ دەستێوەردان ناڕاستن، چونكە تەنیا چەند لێکتێگەیشتنێک هەبووە لە نێوان هەردوو وڵاتەكەدا كەمێژووەكەی بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە کە ڕێگە بە تورکیا دەدات دەستتێوەردان تەنیا لە پێنج كیلۆمەتردا بكات و بۆماوەی چەند ڕۆژێکی دیاریکراویشە، بەڵام دهبێت بە ڕێكکەوتن بێت لەگەڵ حکومەتی عێراقدا”.
باسی لەوەشكرد، لایەنی تورکی پێشێلکارییەکی بەردەوام دەکەن کە هیچ بناغەیهكی یاسایی نییه یان ڕێكکەوتنێك لە نێوان هەردوو وڵاتەوە بێت.
بەوتەی سەحاف، لێکۆڵینەوە لەگەڵ تورکیا کراوە لەسەر هەموو ئەو پێشێلکارییانەی کە دەیکات، بۆیە بەرپرسانی وەزارەت پێشنیازیانکردووە ئەو پرسە لەدژی توركیا لەنێوەندە جیهانییەكان بجوڵێنرێت، چونكە لەساڵی 2009 -وە ئەنجومەنی نوێنەران ئەو ڕێكار و ڕێككەوتننامەیەشی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگە بە تورکیا بدات دەستوەردان لە عێراقدا بکات.
وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوە ئاشكراشیكرد، لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەو كارتە فشارانەكراوە كە لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە دژی توركیا بەكاربهێنرێن.