حەوت كۆڵبەر لە نەوسوود برینداربوون

لانیكەم 7 كۆڵبەری خەڵکی شارەکانی کامێران و جوانڕۆ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود برینداربوون کە سێ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بووە، وەك ئەوەی ڕێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤ دەیڵێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، پێنجشەممەی ڕابردوو 21ی نیسان سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی (دانا ڕەحمەتی خەڵکی جوانڕۆ، فەرەیدون یووزی و ڕەمەزان سابیری خەڵکی کامێران) لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران برینداربوون.

هەروەها سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی (محەمەد فەخری خەڵکی جوانڕۆ، دارا یووزی و هۆشەنگ کەریمی خەڵکی کامێران) لە کاتێکدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە ڕاونراون و ویستوویانە دەربازبن بەهۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرەوە بەسەختی برینداربوون و دەست و قاچیان شکاوە، وەك ئەوەی ڕێكخراوەكە دەیڵێت.

ڕوونیشیكردەوە، کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی (عابید شەجەریان) لە کاتی هەڵاتن چووەتە سەر تەلی دڕکدار و دەستی بە 18 تەقەڵ دووراوەتەوە.

ڕێكخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشكردووە كە ڕەمەزان سابیری كە بە تەقە پێكراوە، چاوی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە پزیشكییەكانی تاران گوازراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

 لە کەمتر لە مانگێکدا بۆ سێیەم جار ئاگر لە کامپی ئاوارەکانی زاخۆ کەوتەوە

بابەتی دواتر

ڕوسیا: کۆگایەکی چەکی ئەمریکا و ئەوروپامان کردە ئامانج

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share