ئاگنێتا، یەکەم پێشمەرگەی سویدی لە ناوچەی چینی ناوەندییەوە بۆ بارەگای یەکێتی

ئاگنێتا لە سەردەمی پێشمەرگایەتی

ئاگنێتا شێخ موس، هاوسەری عومەر شێخ موس، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان چەند مانگێک پێش کۆچی دوایی باسلە یەیەکەم گەشتی خۆی دەکات لە سویدەوە بۆ ناوچەی نێوزەنگ، کە ئەوکات سەرکردایەتی یەکێتی لەوێ بوو.

ئاگنێتا لە شاری ستۆکۆڵم لە سوید لە دایکبووە، بەڵام بنەماڵەکەیان لە ناوچەی چینی ناوەندییەوە سەردەمانێکی کۆن گەشتیان بۆ سوید کردووە، ئەو باسی یەکەم گەشتی خۆی بۆ ڕادیۆی سوید کردووە لە ساڵی 1979 دا کاتێک چوەتە نێوزەنگ لەوێ مام جەلال و نەوشیروان مستەفاشی بینووە.

هاوسەرەکەی عومەر شێخ موس دەڵێت، “کاتێک من گەیشتمە نێوزەنگ بۆ بارەگای سەرکردایەتی، پێشمەرگەکان بە سەرسوڕمانەوە لە منیان دەڕوانی، چونکە پێستم وەک ئەوان نەبوو و وەک ئەوانیش هیلاکی زۆری پێوەدیار نەبوو”.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، “لە بارەگای سەرکردایەتی خواردن بە قورسی دەستدەکەوت، ئەوەی کە هەبوو تەنها نیسک و نان بوو، ئەمەش خواردنی پێویست نەبوو بۆ پێشمەرگە کە لە ڕۆژێکدا دەیان شاخیان بەپێ دەبڕی”.

لەبارەی مانەوەی خۆی لە نێوزەنگ ئاگنێتا دەڵێت، “من لە بارەگای سەرکردایەتی هەوڵمدا ئەوان فێری زمانی ئینگلیزی بکەم، ئەوانیش من فێری کوردی بکەن، بەڵام بەداخەوە کەسمان سەرکەوتوو نەبوین”.

ئاگنێتا زیادی دەکات کە لەماوەی ئەو 10 مانگەی لە بارەگای سەرکردایەتی ماوەتەوە نەوشیروان مستەفا فێری چۆنیەتی بەکارهێنانی کڵاشنکۆفی کردووە.

هاوسەرەکەی عومەر شێخ موس لەماوەی 10 مانگی مانەوەی لە سەرکردایەتی یەکێتی وەک خۆی دەڵێت بە “خوشکە تارا” بانگیان کردووە و چەندین ڕوداوی ناخۆشی وەک بۆردومانی فڕۆکەکانی حکومەتی عێراقی بینووە کاتێک چەندین پێشمەرگە شەهیدبوون.

ئاگنێتا لە ساڵی 1968 لە زانکۆ عومەر شێخ موس دەناسێت و پاشان لە ساڵی 1974 هاوسەرگیری دەکەن، ئەو وەک خۆی دەڵێت تا ناسینی عومەر شێخ موس لەبارەی کوردەوە هیچی نەبیستووە و تەنها ئەندامێکی خێزانەکەی ئەونەی دەزانی کە کوردەکان بەسەر ئەسپەوەن و خەنجەریان پێیە، وەک ئاگنێتا دەڵێت “من عومەرم ناسی نە بەسەر ئەسپەوە بوو نە خەنجەریشی پێبوو”.

“خوشکە تارا” لەماوەی مانەوەی لەناو پێشمەرگەدا و لە وڵاتی سویدیش ئاشنای جەلال تاڵەبانی، سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوشیروان مستەفا و عەبدولرەحمان قاسملو بووە.

هاوسەرەکەی عومەر شێخ موس لە 20 ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە سوید کۆچی دوایی کرد.

بابەتی پێشتر

ڕوداوی هاتوچۆ لە هەولێر.. حەوت کەس برینداربوون و منداڵێکی یەکساڵ گیانی لە دەستدا

بابەتی دواتر

دەزگای تەندروستی پێشمەرگە دەڵێت جگە لە کۆرۆنا نەخۆشی سارسیش لە سلێمانی بڵاوبوەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share