قوباد تاڵەبانی هەڵمەتێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستپێدەكات

لە چێوەی هەڵمەتێكدا بۆ بنەبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەردانی هەردوو وەزارەتی کار و رۆشنبیری كرد و ڕایدەگەیەنێت، بنەبڕکردنی توندوتیژی پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی و هاوکاری حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەیە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە یەکەم سەردانیدا لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرانی شێڵتەرەکان و بەشی جێندەری وەزارەت کۆبووەوە و تاوتوێی چۆنییەتی بنبڕکردنی توندوتیژی و ڕێکخستنەوەی کاروباری شێڵتەرەکانیان کرد.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا نەهێشتنی توندوتیژی پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی و هەماهەنگی و هاوکاری حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەیە و وتی، “یاساکان و ڕێنماییەکان دەبێت بەجۆرێک ڕێکبخرێنەوە کە ئاسانکاری بکەن بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی و ڕاپەڕاندنی کاروباری شێڵتەرەکان. بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیارکرا سوود لە ڕێکخراوەکان ببینرێت بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی گۆنجاوی کارکردن”.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی شێڵتەرەکان تێبینی و گرفتەکانی خۆیان خستەڕوو و بڕیاردرا بەپێی پێویست چارەسەری کێشەکانیان بکرێت. جێگری سەرۆک وەزیرانیش جەختی کردەوە هاوکاری شێڵتەرەکان دەبێت و ڕێگری دەکات لەهەر دەستتێوەردانێک کە کێشە و گرفتیان بۆ دروستبکات.

دواتر سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کرد و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەت گفتۆگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی و بەتایبەتیش لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، هەروەها چۆنییەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەڕێی میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە تاوتوێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێک لەبارەی پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان خرایەڕوو کە کۆمەڵێک گرفت و ڕاسپاردەی لەخۆگرتبوو. پاش گفتوگۆیەکی ورد، جەخت لەسەر چەند خاڵێک کرایەوە لەوانە، هەموارکردنەوەی یاساکان و توندکردنی سزاکان و قەدەغەکردنی چەک و ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاری و پێویستیی هەماهەنگی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.

هەر لە چێوەی ئەو هەڵمەتەدا، پێشتر قوباد تاڵەبانی سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کرد و لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئایینی کۆبووەوە و داوایلێکردن لەڕێی مینبەرەکانیانەوە بەشداربن لە بەرەنگاربوونی توندوتیژی دژی ژنان. هەروەها سەردانی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان کردوە و بڕیاریشە بۆ هەمان مەبەست سەردانی چەند وەزارەتێک و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بکات.

بابەتی پێشتر

دوای بڕیارەکانی قوباد تاڵەبانی مامەڵەی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێکراون

بابەتی دواتر

توخێل چاوەڕوانی ئەنجامەکانی بایرنە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەرزبوونەوەی توشبوون بە شێرپەنجە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی هێنایە قسە

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، لەبارەی زۆربوونی توشبوون بە شێرپەنجە، ڕاپۆرتێك لەلایەن لیژنەی تەندروستییەوە خوێندرایەوە، ئاشكراكراوە، مانگانە سەدان…
Total
0
Share