لە دوو ڕوداوی هاتوچۆدا لە هەولێر حەوت کەس برینداربوون و منداڵێکی تەمەن یەکساڵ و هەشت مانگ گیانی لە دەستداوە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وێنەی ڕوداوەکانی بڵاوکردوەتەوە و ڕایگەیاندووە، “کاتژمێر 1:40 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای کۆنی بنەسڵاوە لەبەرامبەر باخچەی ئاژەڵان ڕوداوێکی پێکدادان ڕویدا لەنێوان سێ ئۆتومبێلدا لەئەنجامی ڕوداوەکە منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و هەشت مانگ گیانی لەدەستدا وە و چوار کەسیش بریندار بوون”.
وەک وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕونیکردوەتەوە هۆکاری ئەم ڕوداوە نەهێشتنەوەی ماوەی سەلامەتییە لە نێوان ئۆتۆمبیلەکاندا و لە خێراییدا بەیەکیاندا کێشاوە.
هاوکات لە ڕوداوێکی دیکەی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگەی پیرمام بارهەڵگرێکی ژمارە ئێران کە گازی گواستوەتەوە کۆنترۆڵی لە دەستداوە و خۆی کێشاوە بە چەند هێمایەکی ڕێگاکەدا و پاشان چووەتە سەر سایدی بەرامبەر و لە ئۆتۆمبیلێکی داوە.
لەو ڕووداوەدا سێ کەس بریندار بوون و زیانی مادیش بە ئۆتۆمبیلەکان و ڕێگاکەش کەوتووە.