سێ پڕۆژه‌‌ی گه‌‌شتیاری له‌‌ دوكان جێبه‌‌جێده‌‌كرێن

قوباد تاڵه‌بانی جیگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، لەمیانەی سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆبونه‌وه‌یه‌كی لەگەڵ وەبەرهێنان بڕیاریدا، كارئاسانی ته‌واو بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران بكرێت و داوای له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌ران كرد پلان و پڕۆژه‌ی خۆیان بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزار پێشكه‌ش بكه‌ن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ قوباد تاڵه‌بانی له‌ قه‌زای دوكان سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی كرد له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و بڕیاردرا كارئاسانی بكرێت بۆ جێبه‌‌جێكردنی سێ پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كەدا‌ كه‌ ئه‌مه‌ل جه‌لال سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌ی بوون، گرفته‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی گه‌شتوگوزار له‌ قه‌زای دوكان و چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ تاوتوێكران.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، قوباد تاڵه‌بانی داوای له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌ران كرد پلان و پڕۆژه‌ی خۆیان بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزار پێشكه‌ش بكه‌ن.

هه‌روه‌ها داوای له‌ ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد كارئاسانی ته‌واو بكه‌ن بۆ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ كه‌رتی گشتوگوزاردا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی كێشه‌ی ئه‌و زه‌وی و زارانه‌كرا كه‌ بڕیاره‌ پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كانی تێدا جێبه‌جێبكرێت و بڕیاردرا، ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی و به‌ جۆرێك چاره‌سه‌ر بكرێن كه‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌كان سوودمه‌ندبن له‌وه‌ی زه‌وییه‌كانیان بۆ پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری به‌كاربهێندرێت.

بابەتی پێشتر

بەتەمەنترین سەگ چووە کتێبی گینسەوە

بابەتی دواتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی چاڤی پێش یارییەكەی قادش

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share